Accessibility links

یەکێتی نێودەوڵەتی یاری جۆدۆ سزا بەسەر یەکێتی جۆدۆی ئێران دەسەپێنێت


یەکێتی نێودەوڵەتی یاری جۆدۆ بڕیاری دا یەکێتی ئێران بۆ یاری جۆدۆ ڕابگرێت لە بەشداریکردن لە هەموو پـێشبڕکێ و چالاکیـیەکانی یەکێتییەکەیان ڕێکیان دەخات، ئەمەش پاش ئەوەی فشاری خستبووە سەر یاریزانێکی تاوەکو یاری لەگەڵ یاریزانێکی ئیسرائیلی نەکات.

یەکێتی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی لە میانەی دوایـین پاڵەوانێتی یاری جۆدۆ کە لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپـۆن بەڕێوەچوو، یەکێتی جۆدۆی ئێران فشاری خستووەتە سەر سەعید مەولایی پاڵەوانی جۆدۆی ئێران تاوەکو لە یاریـیەکان بکشێتەوە و خۆی لە ئەگەری یاریکردن لەگەڵ ساگی موکی یاریزانی ئیسرائیلی بەدوربگرێت.

یەکێتیـیەکە دەڵێت ئەم ڕەفتارەی یەکێتی جۆدۆی ئێران بە پـێچەوانەی ئەو بەڵێننامانەیە کە کاربەدەستانی وەرزشی ئێران واژویانکردووە.

بەپـێی بەڵێننامەکان نابێت هیچ جیاوازی بکرێت لەسەر بنەمای ئاین و ڕەگەز و بیروباوەڕی سیاسی، بۆیە یەکێتی جۆدۆی ئێران ڕاگیرا لە بەشداریکردن لە یاریـیەکان و هەموو چالاکیـیەکی ئیداری و کۆمەڵایەتی کە لە لایەن یەکێتی نێودەوڵەتیـیەوە ڕێکدەخرێن.

پاشان یەکێتیـیەکە دەڵێت ئێران ماوەی 21 ڕۆژی لە بەردەمدایە بۆ تانەگرتن لە بڕیارەکە لە بەردەم دادگای دادوەری وەرزشی.

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئێران دەڵێت ئاراش میرسماعیلی سەرۆکی یەکێتی جۆدۆی ئێران ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرتووە و گوتویەتی "بڕیارێکی بەپەلە و ستەمکارانەیە."

لە ئێستادا سەعید مەولایی تەمەن 27 ساڵ لە ئەڵمانیایە و ناوێرێت بگەڕێتەوە ئێران.

XS
SM
MD
LG