Accessibility links

دوای ڕاپۆرتێکی BBC لەسەر کوژرانی خۆپیشاندەرێکی 16 ساڵ، ئێران چەندین ڕۆژنامەوان و چالاکوان تۆمەتبار دەکات


نیکا شاکەرەمی
نیکا شاکەرەمی

دوای ڕاپۆرتێکی بی بی سی سەبارەت بەوەی گوایە چەند پیاوێکی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ئێران دەستدرێژی سێکسییان کردووەتە سەر خۆپیشاندەرێکی تەمەن 16 ساڵ و دواتر کوشتوویانە، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران " ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی " تۆمەتبار کرد.

دەزگای هەواڵی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لێکۆڵینەوەکەی بی بی سی سەبارەت بە مەرگی نیکا شاکەرەمی لە ساڵی 2022 دا بە " ساختە و ناڕاست و پڕ لە هەڵە " ناوبرد.

بەڵام ئەو کەسانەی ناونەهێنا کە بانگکراون بە تۆمەتی ئەوەی گوایە " باری دەروونی کۆمەڵگەی ئاسایشییان تێکداوە."

دوو ڕۆژنامەنووسی ئێران کە لە ڕێی ئۆنلاینەوە لێدوانییان لەسەر ڕاپۆرتەکە داوە وتییان لێکۆڵەرەوان دۆسییەیان دژییان کردووەتەوە.

یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکان، محەمەد فارسی، لە تۆڕی ئێکس نوسیویەتی ئۆفیسی دەسەڵاتی دادوەریی تاران بانگی کردووە لەسەر بڵاوکردنەوەی " نوسراوێک لەسەر نیکا شاکەرەمی و وردەکارییەکانی کوژرانی."

دووەمییان، مەرزییە مەحمودی، نوسیویەتی " نە تۆمەتەکان و نە وردەکارییەکانیش نەزاندراون."

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری ناوخۆی ئێران ئەحمەد ڤەهیدی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی بی بی سی ڕەت کردەوە و وتی پلانگێڕیی دوژمنانی ئێرانە.

بەپێی میدیای ئێران، ڤەهیدی لە دەرەوەی کۆبوونەوەی کابینەکەدا وتوویەتی " دوژمنان و میدیاکانییان پەنایان بردووەتەبەر ڕاپۆرتی نادروست و ناڕاستەقینە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە دەروونییەکانییان."

ڤەهیدی وتی ئەوە " هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەی سەرنجەکان لە خۆپیشاندانەکانی ئێستای لایەنگرانی فەلەستینییەکان لە ئەمەریکا و هەروەها هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە مانگی ڕابردوودا."

دوو ساڵ لەمەوبەر نیکا شاکەرەمی بووە سیمبولی خۆپیشاندانەکانی " ژن، ژیان، ئازادی " کە سەرانسەری ئێرانی هەژاند.

خۆپیشاندانەکان دوای مەرگی مەهسا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ سەریانهەڵدا لە 16 ی مانگی نۆی ساڵی 2022 دا، کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا.


لە 20 ی مانگی نۆی ساڵی 2022 دا نیکا لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە سەرپۆشەکەی دەسووتێنێت، هاوکات خۆپیشاندەرەکانی دیکە هاوارییان دەکرد " مەرگ بۆ دیکتاتۆر "، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی.

لەو ئێوارەیەدا نیکا بێسەروشوێن بوو، ئەوەش دوای ئەوەی بە هاوڕێیەکی وتبوو کە هێزەکانی ئاسایش دوای کەوتوون.

زیاتر لە هەفتەیەک دواتر خێزانەکەی لاشەی نیکایان لە مردووخانە دۆزییەوە. وتیان گوایە بەهۆی لێدان لە سەری گیانی لە دەستداوە، هەروەها لێدوانی بەرپرسانییان ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی کە نیکا خۆی لە سەربانی بینایەکەوە هەڵداوەتە خوارەوە و گیانی لە دەستداوە.

لێکۆڵینەوەکەی بی بی سی کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، لە بەڵگەنامەیەکی ناوخۆیی دزەپێکراوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە باس لەوە دەکات دۆسییەکەی نیکا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە گیراوە.

بەپێی بەڵگەنامەکە، نیکا لەلایەن ئەندامانی سوپای نیمچە سەربازییەوە دەستبەسەرکراوە، ئەو کەسانەش لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ڕەوانە کراون و وەکو تیمێکی شاراوە کارییان کردووە بۆ چاودێریکردنی خۆپیشاندانەکان لەو ڕۆژەدا لە تاران.

بەڵگەنامەکە بە وردەکارییەوە باس لە ڕووداوەکان دەکات لە کاتێکدا کە نیکا لە ڤانێکدا بەستراوەتەوە و سێ ئەندامی ئەو تیمەی لەگەڵدایە: یەکێک لە پیاوەکان دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر لە کاتێکدا کە لەسەریی دانیشتووە. سەرەڕای ئەوەی بەستراوەتەوە، نیکا شەڕی لەگەڵدا کردوون، شەقی تێهەڵداون و جنێوی پێداون. ئەوەش وایکردووە پیاوەکان لێی بدەن و بیکوژن. ئەفسەرێکی سوپای پاسدارانی ئێران فەرمانی بە پیاوەکان کردووە لاشەکەی لەسەر شەقامێک فڕێ بدەن.

لە ڕاپۆرتەکەی بی بی سیدا داندراوە بەوەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگەنامەی ساختە لەسەر بەرپرسانی ئێران بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دەڵێت " لێکۆڵینەوە چڕەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو بەڵگەنامانەی کە دەستکەوتوون لە ڕاستیدا دوایین جووڵەکانی نیکا لە خۆدەگرێت."

بی بی سی پێش ئەوەی ڕاپۆرتەکە بڵاوبکاتەوە بە سوپای پاسدارانی ئێران و حکومەتی ئێرانی وتووە، بەڵام وەڵامییان نەداوەتەوە.

XS
SM
MD
LG