Accessibility links

وەزیرێکی پـێشووی ئیسرائیل لەسەر سیخوڕی بۆ ئێران دادگایی دەکرێت


وەزیرێکی پـێشووی ئیسرائیل کە بە سیخوڕیکردن بۆ ئێران تۆمەتبارکراوە، ئەمڕۆ پـێنجشەممە برا بۆ دادگایەکی شاری ئۆرشەلیم و لەوێ لە دانیشتنێکی داخراودا تۆمەتەکانی ئاڕاستەکرا.

غۆنێن سێغێڤ، تەمەن 62 ساڵ، کە لە نێوان هەردوو ساڵی 1995 و 1996 وەزیری وزە و ژێرخانی ئیسرائیل بوو، ئەمڕۆ بە جلوبەرگی ئاسایی نەک هی زیندانیکراون بۆ دادگای ئۆرشەلیم برا تاوەکو دەقی تۆمەتەکانی ئاڕاستەبکەن.

بەشێک لە دەقی تۆمەتەکان بۆ میدیاکان ئاشکراکرا، بەڵام بەشکەی دیکەی بە نهێنی هێڵراوەتەوە. بەپـێی تۆمەتەکانی ئاشکراکراون، ناوبراو بە ئامانجی زیان گەیاندن بە ئاسایشی وڵات زانیاری گواستووەتەوە و سیخوڕی بۆ دوژمن کردووە لە کاتی شەڕدا. هەروەها لە ساڵی 2012 کە لە نەیجیریا دەژیا، زانیاری لە بارەی چەند شوێنێکی ئاسایشی ئیسرائیل و کاربەدەستەکانی داوە بە ئێران.

میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن لەبەر هۆکاری ئاسایشی نزیکەی 50 خاڵی نیو دەقی تۆمەتەکان ئاشکرا ناکرێن. دەڵێن پەیوەندیـیان هەیە بە چۆنیەتی دەسـتکەوتنی زانیاریـیەکان و پـێدانیانە بە ئێرانیـیەکان.

ناوبراو لە مانگی پـێنج لە فڕۆکەخانەی تەل ئەڤیڤ بە نهێنی دەسـتگیرکرا لە لایەن دەزگای زانیاری ئیسرائیل ئەوەی بە شین بێت ناسراوە، پاشان لە 18 ی مانگی شەش هەواڵی دەسـتگیرکردنەکەی ئاشکراکرا.

شین بێت دەڵێت غۆنێن سێغێڤ لەسەر تۆمەتی پەیوەست بە قاچاغچێتی مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتی گینیا دەرکراوە. دەشڵێت ناوبراو لە ژمارەیەک وڵات لەگەڵ ئێرانیـیەکاندا پەیوەندیکردبوو و زانیاری داونەتێ لە بارەی دەزگا ئاسایشیـیەکان و سەرچاوەکانی وزەی ئیسرائیلەوە.

جێی ئاماژەیە ناوبراو پـزیشکە و ساڵی 1992 بووە بە پەرلەمانتار و ساڵی 2003 لە لایەن دادگایەکی ئیسرائیلەوە بڕیاری زیندانی یەک ساڵی بۆ درا بە تاوانی هەوڵی فرتوفێڵکردن، بەڵام جێبەجێکردنەکەی ڕاگیرا، هەتا دواتر 5 ساڵ زیندانی کرا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە حەبی هۆشبەر کردبوو.

XS
SM
MD
LG