Accessibility links

ئێران ناوچەیەکی ژێر دەستی داعش لە سوریا بەر موشەک دەدات


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئێران موشەکی گرتووەتە بارەگا و شوێنەکانی داعش لە ناوچەی هەجینی باشوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرئەزوری وڵاتەکە لە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.

کۆمەڵەکە ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریـیەکیان لە بارەی زیانەکانەوە پـێنەگەیشتووە. باس لەوەش دەکات کە ئەمە یەکەم جارە ئێران بە موشەک لە داعش بدات لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئێرانیش لای خۆیەوە ڕایگەیاند لە تۆڵەی هێرشەکەی شەممەی پـێشووتر، ئەوەی کرایە سەر نمایشێکی لەشکری لە شاری ئەحوازی باشوری ڕۆژئاوای ئێران، ئەم هێرشەی ئەنجام داوە.

سوپای پاسداران لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی نوسیویەتی لە کاژمێر 2 ی بەرەبەیان بە کاتی خۆجێی لە شوێنەکانی داعشیان داوە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

دەشڵێت موشەکەکانیان لە جۆری ذولفەقار و قیام بوون و مەودای 570 کیلیۆمەتریان لە کرمانشاوە بڕیوە هەتا گەیشتوونەتە ئامانجەکانیان لە ناوچەی بوکەمالی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

جێی ئاماژەیە هەر یەک لە داعش و بزوتنەوەی خەباتی عەرەبی بۆ ڕزگاری ئەحواز بە جیا بەرپـرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکەی سەر نمایشە لەشکریـیەکەی ئەحواز ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG