Accessibility links

ئێران دەڵێت ئەندامێکی باڵای داعش و دوو ئەندامی دیکەی دەستگیر کردوون


ڕۆژی شەممە پۆلیسی ئێران ڕایگەیاند ئەندامێکی باڵای ڕێکخراوی داعش و دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوەکە دەستگیرکراون، دەستگیرکراوەکان بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی خۆکوژی لە ماوەی جەژنی ڕەمەزاندا تۆمەتبار کراون.

وتەبێژی پۆلیسی ئێران ڕایگەیاند ووە محەمەد زاکیر کە بە " ڕامیش " ناسراوە، لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا لە کەرەجی ڕۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێران دەستگیرکراون. بەپێی میدیای ئێران، دەستگیرکردنەکان دوابەدوای ڕووبەڕووبوونەوەیەک بوون. هەشت کەسی دیکەش کە لەگەڵ پیاوەکاندا بوون دەستگیرکراون.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی دوو تەقینەوەکەی مانگی یەکی ئێرانی گرتە ئەستۆ کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 100 کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە، تەقینەوەکان لە ماوەی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا بوون کە لە ساڵی 2020 دا لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە عێراق کوژرا.

لە مانگی یەکدا ئێران 35 کەسی دەستگیرکرد، بە فەرماندەیەکی ڕێکخراوی داعشی خۆراسانیشەوە کە بنکەکەی لە ئەفغانستانە. داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی دوو تەقینەوەکەی 3 ی مانگی یەکییان لە شاری کرمانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕاگەیاندووە.

لە 22 ی مانگی سێدا کۆمەڵێک چەکدار لە هۆڵێکی کۆنسێرتدا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دەستییان کرد بە تەقەکردن و لانیکەم 144 کەس کوژران، ئەو هێرشە بە کوشندەترین هێرش دادەنرێت لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە ڕووسیا. ڕێکخراوی داعشیش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا دەڵێن داعشی خۆراسان بەرپرس بوون لە هێرشەکانی 3 ی مانگی یەک لە ئێران و هێرشەکەی 22 ی مانگی سێ لە مۆسکۆ.

لە ساڵی 2022 دا ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشێکی بۆ سەر مەزارگەیەکی شیعەکان لە ئێراندا گرتە ئەستۆ کە بووە هۆی کوژرانی 15 کەس. هێرشەکانی پێشووتریش کە لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە ئەنجام دراون بریتین لە دوو تەقینەوەکەی ساڵی 2017 کە پەرلەمانی ئێران و گۆڕی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئایەتوڵا ڕوحوڵا خامنەئییان کردە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG