ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیمی ئێران دەڵێت جێگری وەزیری گشتوکاڵ وڵاتەکەیان گوتوویەتی بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێران نزیکەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاو ڕێگەی لێدەگیرێت لە سنوورەکانی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان بچێتە دەرێ، ئەمەش ئەو ئاوانەیە کە لە خاکی ئێرانەوە دەچنەوە سەر ڕووباری دیجلەی ناو عێراق.
عەلی موراد ئەکبەری گوتوشیەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڕاستەی ئاوەکان 8 ملیار دۆلار بۆ هەردوو وەزارەتی وزە و کشتوکاڵ تەرخانکراوە.
باسی لەوەش کردووە ئەو ئاوە بەکاردەهێنن بۆ 3 پـرۆژەی سەرەکی ناو وڵاتەکەیان لە خوزستان و ئیلام.
جێی ئاماژەیە لە چەندان ڕووبارەوە ئاو لە ئێرانەوە دێنە ناو خاکی عێراق و ساڵ لە دوای ساڵ بڕی ئاوەکانیان کەمیان کردووە، بە تایبەتی لە هەرسێ ڕووباری زێی بچوک و سیروان و ئەڵوەند لە ناوچەکانی کوردستان.