Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: موسا باباخانی، قوربانییەکی تری جودابیریی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا


موسا باباخانی
موسا باباخانی

لەوەتای ساڵی 1979 و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرەنگاربوونەوەی جودابیران و لەناوبردنی کەسایەتییەکانی ئۆپزسیۆن، سەرکوتکردنی گەلانی ئێران و بێدەنگ کردنی دەنگە ناڕەزاکان و سەپاندنی سزای مەرگ و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن و زیندانیکردن و چەندان شتی تری لەو بابەتانە، بوونەتە ناسنامەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک لە ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکاندا ئاماژەیان پێکراوە.

ئێستا لە ئێران حکومەتێکی نوێ دەستبەکاربووە و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکایەتی ئەم حکومەتە دەکات.

ڕەئیسی پێشتر سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە و بە فەرمانی ئایەتوڵا عەلی خامنەئی ئەو پۆستەی وەرگرتبوو.

چەند مانگێکیش لەمەوبەر کە ڕەئیسی دەبێتە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئێران، بە ڕوونی و ئاشکرایی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا دەبینرا، لەبەر دوو هۆکار؛
یەکەمیان ئەوەیە دڵخوازی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران بوو؛ دووهەمیشیان ئەنجومەنی نیگەهبان ڕەزامەندی لەسەر 7 کەس هەبوو تا ببنە کاندید و هیچ یەکێکیش لەو 6 کاندیدەی تر پاشخانێکی هێندە تۆکمەیان نەبووە لەناو دەنگدەرانی ئێرانیدا تا بگوترێت زەمینەی پێشبڕکێیەکی ڕەوا لەو هەڵبژاردنەدا هەبووە.
هەرچۆنێک بێت ڕەئیسی تۆمارێکی خراپی هەیە لە مافەکانی مرۆڤدا و سزای ئەمەریکای لەسەرە. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ڕەئیسی بەشدارە لە کۆمەڵکوژیی جودابیرە زیندانیکراوەکانی ئێرانیدا لە ساڵی 1988دا هاوکاتی کۆتاییهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق ئێران.


میوانی بەرنامە:

مادیح ئەحمەدی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستان

زۆرێک لە ئێرانییەکان بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لە چوار ساڵی داهاتووی وڵاتەکەیان دەڕوانن، هەرچەندە دەشڵێن هیچ جیاوازییەکیش نابینن لەوەی، کێ لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئێراندا دادەنیشێت چونکە پرەنسیپی سڕینەوە و ڕەتکردنەوەی بەرامبەر، یەکێکە لەو کۆڵەکانەی سیستەمی ویلایەتی فەقێی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەسەر دانراوە.

لەم هەفتەیەدا بوو، تەرمی موسا باباخانی، لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێردا دۆزرایەوە.

باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان بووە و وەک هاوڕێکانیشی باسی دەکەن؛ کەسێکی چالاک و زیرەک و وردبین بووە لە ئەرکەکانیدا و بەوپێیەی خەڵکی شاری کرماشان بووە، توانیویەتی لە زێدی خۆیی و ناوچەی ئیلام تۆڕێکی گەورەی پەیوەندی و چالاکی دروست بکات.

سەرچاوەکان دەڵێن تەرمی موسا باباخانی جێی ئەشکەنجەدانی پێوە دیاربووە.

حزبی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرس دەزانێت و لایەنە کوردستانییەکانیش لە ناو و لە دەرەوەی ئێراندا دەڵێن، کوژرانی موسا باباخانی بەشێکە لەو زنجیرە پیلانانەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیەتی بۆ لەناوبردنی ئەندامان و چالاکوانان و بەرپرسانی لایەنەکان.

ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ هاوکاریکردن دەتوانێت ئەنامانی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بکوژێت؟

ئەو کەسە کێیە پەیوەندی بە باباخانییەوە کردووە؟ ئایا دەستگیرکراوە؟

ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق چەندێک یارمەتیدەرن بۆ لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ئێراندا؟

ئایا لایەنە کوردستانییەکانی کورد لە ئێراندا، چەندێک هێزەکانی حەشدی شەعبی بە مەترسی دەزانن لەسەر باری ئاسایشی خۆیان؟

مادیح ئەحمەدی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG