Accessibility links

بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان: ئێران عێراق و هەرێمى لەبەردانەوەى بەنداوەکانى ئاگادارکردۆتەوە


بەنداوی دەربەندیخان
بەنداوی دەربەندیخان

بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، دەڵێت دەسەڵاتدارانى عێراق و هەرێم لەلایەن وڵاتى ئێرانەوە ئاگادار کراونەتەوە لە بەردانەوەى بەشێک لە بەنداوەکانیان، تا عێراق و هەرێم ئامادەکارى بکەن بۆ ئەو ئاوەى لە ئێرانەوە دەرژێتە نێو خاکى عێراق.

لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، رەحمان خانى وتى"ئێران دەیەوێت بەنداوەکانى بەر بداتەوە، بۆ ئەو مەبەستە بەرپرسانى عێراق و هەرێمى ئاگادار کردۆتەوە تا ئیحتیاتى خۆیان وەربگرن."

بەپێى وتەى بەرێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، بەهۆى لافاوەوە ئاوێکى زۆر رۆیشتۆتە نێو بەنداوەکانى ئێران، بۆیە ئەو وڵاتە نیازى بەردانەوەى ئاوى هەیە، ئەوانیش ئامادەکاریان بۆ هاتنى ئاوێکى زۆر لەئێرانەوە بۆ نێو بەنداوى دەربەندیخان کردووە.

رەحمان خانى، وتیشى"تەنها دوێنێ لەچرکەیەکدا، هەزار مەتر سێجا ئاو هاتۆتە نێو بەنداوى دەربەندیخان، کە کۆى ئاوەکە دەکاتە نزیکەى 90 ملیۆن مەتر سێجا، بۆیە چاودێرى بەنداوەکە دەکەین و پلانمان بۆ کۆنترۆڵى ئاوەکە دارشتووە، هیوادارین ئەم دۆخە بەسەلامەتى تێپەڕێت."

بەرێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، ئاشکراشیکرد دوا بەنداوى ئێران کە نزیکە لە ڕووبارى سیروانەوە، بەنداوى داریانە، ئەم بەنداوە دەرگاى نیە و کاتێک پڕ دەبێت، ئاوەکەى ئۆتۆماتیکى دەرژێتە نێو ڕووبارى سیروانەوە.

لە کۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، رەحمان خانى باسیلەوەشکرد لەئێستادا بەنداوى دەربەندیخان 10 ملیار و 900 مەتر سێجا ئاوى تێدایە، وتى"پلانمان هەیە تا کۆتایى زستان و قۆناغ بە قۆناغ 300 ملیۆن مەتر سێجاى تر ئاو گل بدەینەوە."

بەنداوى دەربەندیخان، بەهۆى بومەلەرزەکانى ساڵى پار زیانى بەر کەوتووە، بەڵام بەرپرسانى بەنداوەکە رەتیدەکەنەوە مەترسى لەسەر بەنداوەکە هەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:35 0:00

XS
SM
MD
LG