Accessibility links

کاربەدەستانی باڵای ئێران ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان دەردەبڕن

  • VOA News

ژمارەیەک لە کاربەدەستانی باڵای ئێران ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان بەڕێوەچوو.

عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتویەتی ئەگەربێت و کوردستانی عێراق سەربەخۆ ببێت، ئەوا گرژیـیەکی نوێ لە ناوچەکە دروست دەبێت و تەنها ئیسرائیل پێی خۆشحاڵە.

گوتیشی پـێشتر کاربەدەستانی هەرێم سەردانی تارانیان کردبوو، بەڵام دواتر هەندێکیان سوپاسی ئیسرائیلیان کرد، وە ئەمەش کێشەی نوێ بۆ هەرێم دروستدەکات.

هاوکات عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێران بۆ کاروباری نێودەوەڵەتی گوتی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق نایاسایی‌یە و هیچ بەهایەکی نیـیە و ئەنجامی باشی لێ‌ناکەوێتەوە.

لە لایەکی دیکە عەمید ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە وەزارەتەکەی لە تاران پـێشوازی لە ڕەزا هاکان تەکین باڵیۆزی تورکیا کرد و پـێکەوە تاووتوێی ئەو بابەتانەیان کرد کە جێی بایەخی هەردوو وڵاتن، لەوانە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان.

حاتەمی نیگەرانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ڕیفراندۆمەکە دەربڕی و گوتی ئێران لە دژی هەر کارێکە ببێتە مایەی گۆڕانکاری لە سنووری وڵاتانی ناوچەکە. هیواشی خواست هەرێمی کوردستان بڕیاری یەکلایەنە نەداتەوە کە پـێچەوانەی دەسـتوری عێراق بێت.

جەنەڕاڵ محەمەد باقری سەرۆکی لەشکری ئێران ئەویش ڕەخنەی لە هەرێم گرت و گوتی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە پشت ئەم ڕیفراندۆمەی هەرێمی کوردستانی عێراقدان.

هاوکاتی ئەم ڕەخنە و ناڕەزایـیانە، عەمید عەلی‌ڕەزا یاریدەدری بەرپـرسی هێزی ئاسمانی ئێران گوتی وڵاتەکەی ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاری داوە سیستمی موشەکی ڕەوانەی ڕۆژئاوای وڵاتەکە بکات و بە تایبەتی بۆ سەر سنووری هەرێمی کوردستانی عێراق.

XS
SM
MD
LG