Accessibility links

ئێران دووبارە بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت بەکاردەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی خۆپیشاندانەکان


دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو ئێران بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی لە پارێزگای سیستان – بلوچیستانی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بڕی بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی خۆپیشاندانەکان، چالاکەوانان ئاماژە بەوە دەدەن حکومەتی ئێران بەردەوام لەکاتی ڕوودانی خۆپیشانداندا پەنا بۆ ئەم تاکتیکە دەبەن.

بەپێی ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە 22 ی مانگی دوودا دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لە کۆمەڵێک بارهەڵگری سوتەمەنی کرد لە نزیک شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان – بلوچیستان و بووە هۆی کوژرانی لانی کەم 10 کەس، خۆپیشاندان ڕوویدا و هێزەکانی ئاسایش بە فیشەک وەڵامی خۆپیشاندانەکانیان داوەتەوە.

بەڵام بەهۆی بڕینی بەشێکی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە 22ی مانگەوە بۆ چەند ڕۆژێک لەو پارێزگایەدا، زانیارییەکی کەم لەسەر ڕووداوەکە دزەی کرد، ئەو پارێزگایەش زۆرینەی دانیشتوانەکەی کەمینەی بلوشن کە زۆرینەیان سوننەن.

پارێزگای سیستان – بلوچیستان دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستاندا و لە ساڵەکانی نێوان 2005 بۆ 2010 دا نائارامی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بەهۆی یاخیبوونی سەرکردە سوننیەکانی بلوش، هێشتا بەردەوام هێرش و شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و گروپە چەکدارەکان لەو پارێزگایەدا ڕوودەدات. لای خۆشیەوە ئێران هۆکاری ئەو کردەوە توندوتیژانە دەگەڕێنێتەوە بۆ گروپە جیهادی یاخود جیاخوازەکان و پاکستانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی پشتیوانیان لێدەکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە چالاکەوانەکانی بلوشەوە دەستیکەوتووە، لە 22 ی مانگی دوودا کاتێک " سوپای پاسدارانی ئێران بەشێوەیەکی نایاسایی لە نزیک شاری سەراوان هێزی زیاد لە پێویستی دژی ئەو بارهەڵگرانە بەکارهێناوە کە سوتەمەنیان پێبووە و چەکدار نەبوون " لانی کەم 10 کەس کوژراون.

توێژەری ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی ڕاها بحرینی بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ئەم ژمارەیە خەمڵاندنێکی کەمکراوەیە " و چالاکەوانانی بلوش دوای ئەوەی ناوی قوربانییەکانیان پشتڕاستکردەوە کردوویانە بە بەڵگەنامە.

ڕێکخراوی لێبوردن و ڕێکخراوەکانی دیکەی بەرگریکار لە ئازادی ڕادەربڕین " ئاکسێس ناو و ماددەی 19 و میان غروب " لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردەوە " بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت ڕێوشوێنەکە بەرپرسان پێدەچێت وەکو هۆکارێک بەکاریبهێنن بۆ شاردنەوەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەگەری ئەنجامدانی تاوانەکانی دیکەی وەکو لە سێدارەدان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسادا."

بەپێی ئەم ڕێکخراوانە، بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت کە لەم مانگانەی دواییدا لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی بێلاڕوس و میانمار و نایجەردا بیندراوە، دوو ئامانجی هەیە: ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانی خزمەتگوزاری نامە گۆڕینەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، دووەم کۆسپ خستنەبەردەم کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر هەر تاوانێک کە هێزەکانی ئاسایش ئەنجامی دەدەن و دەکرێت ئەو زانیارییانە بۆ جوڵەپێکردنی ڕای گشتی بەکاربهێندرێت.

توێژەرێکی ڕێکخراوی ماددەی 19 مەهسا عەلیمەردانی بە فرانس پرێسی وت " بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت ئامانج لێی زیان گەیاندنە بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەسەر پێشێلکارییەکان ( بەتایبەت گرتە ڤیدییۆییەکان ) و بڵاوکردنەوەیان."

لە مانگی یانزەی ساڵی 2019 دا لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا دژی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، بەرپرسانی ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێتیان بڕی و خۆپیشاندانەکانیان بە توندی سەرکوتکرد، بەرگریکاران لە مافەکانی مرۆڤ لەوە دەترسن لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا هەمان ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر.

جیا لە کەمینەکانی دیکەی ئێران، ئەندامانی کەمینەی بلوش نوێنەرایەتیەکی بەهێزیان نیە و دەکرێت ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بیانی نوێنەرایەتیان بکات و لەجیاتی ئەوان سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییانە بکات کە گوایە حکومەت دژی کەمینەکە ئەنجامیانداوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG