Accessibility links

کەناڵە ئێرانییە هەڕەشە لێکراوەکە پەخشەکانی لە لەندەن دەستپێدەکاتەوە

کەناڵی تایبەتی تەلەفیزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند دووبارە لە لەندەنەوە پەخشەکانی دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا بەهۆی هەڕەشەکانەوە ستودیۆکانی داخستبوو، هۆکاری هەڕەشەکانیشی گەڕاندەوە بۆ تاران.

کەناڵەکە بە شێوەیەکی چڕ و بەردەوام ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی ئێرانی دەکرد کە ساڵی ڕابردوو دەستییان پێکرد، وتیشی دووان لە ڕۆژنامەنووسە دیارەکانی بەهۆی کارەکانییانەوە هەڕەشەی کوشتنییان لێکراوە.

لە مانگی دوودا لەسەر ئامۆژگاری پۆلیس، کەناڵەکەی لە لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا داخست، بەڵام ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا وتی " کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵ لە ستودیۆ نوێیەکانییەوە لە لەندەن دەستی کردووەتەوە بە پەخشەکانی."

لە بەیاننامەکەدا وتی " ئەم دەستپێکردنەوەیە گەڕانەوەیە بۆ لەندەن بۆ کەناڵێکی هەواڵی ئێرانی کە زۆرترین بینەری هەیە، دوای ئەوەی پەخشەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا گواسترانەوە بۆ ئەمەریکا، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەی باوەڕپێکراو و سپۆنسەرکراوەوە لەلایەن دەوڵەتەوە دژی کارمەندەکانی."

ساڵی ڕابردوو پۆلیسی لەندەن بەربەستی کۆنکرێتی لەبەردەم ستودیۆ کۆنەکانی کەناڵەکەدا دانا لە چیسویکی ڕۆژئاوای لەندەن، ئەوەش بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرشێک بە ئوتومبێل و هۆشداریدا لەسەر هەبوونی " هەڕەشەی باوەڕپێکراو " لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسانی کەناڵەکە.

بڕیاری داخستنی کەناڵەکە دوای دەستگیرکردنی مەغۆمد حوسەین دۆڤتایڤ هات کە خەڵکی ئوستریایە و بە تۆمەتی تاوانی تیرۆریستی دەستگیرکراو و تۆمەتبار کرا، ئەوەش دوای ئەوەی بیندراوە وێنە و ڤیدیۆی دەرەوەی ستودیۆکانی کەناڵەکەی گرتووە.

بەڕێوبەری گشتی کەناڵەکە مەحمود عینایەت بەهۆی دەستپێکردنەوەی کارەکانی کەناڵەکەوە ئاهەنگی گێڕا و وتی " زۆر دڵخۆشم بە گەڕانەوە بۆ پەخشکردن لە لەندەنەوە."

وتی " بەڕیتانیا ماڵی ئازادی ڕادەربڕینە. دەستپێکردنەوەی پەخشەکانمان لێرە پەیامێکە لەسەر ئەوەی ئێمە ناتوانرێت ڕێگریمان لێبکرێت لە خزمەتکردن بە گەلی ئێران بە هەواڵی ئازاد و بێ سانسۆرەوە."

کەناڵەکە نزیکەی 100 ڕۆژنامەنووسی لە لەندەن هەیە و ژمارەیەکی هاوشێوەش لە بنکەکەیان لە واشنتن کار دەکەن، خزمەتی بینەرێکی 30 بۆ 40 ملیۆن قسەکەری فارسی دەکەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG