Accessibility links

سەرچاوەکان: سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵا لە یەمەنەوە هاوکاری ئۆپەراسیۆنەکانی حوسییەکان دەکەن


چوار سەرچاوەی ناوچەکە و دوو سەرچاوەی ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپی حیزبوڵڵای لوبنان لە یەمەنن و یارمەتیدەرن لە ئاڕاستەکردن و سەرپەرشتیکردنی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.

لە میانەی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، ئێران کە حوسییەکانی پڕچەک کردووە و مەشقی پێکردوون، پێدانی چەکی بە حوسییەکان زیاتر کردووە.

سەرچاوەکان دەڵێن تاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو و موشەکی کروزی دژە کەشتی و موشەکی باڵیستیکی و موشەکی مەودا ناوەندی داوە بە حوسییەکان، لە مانگی یانزەوە حوسییەکان دەستییان کردووە بە بە ئامانجکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا، ئەوەش وەکو دەرخستنی پشتیوانییەک بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە.

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستەڕوو فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران زانیاریی هەواڵگریش دەدەن بۆ ئەوەی بزانن کام لەو چەندین کەشتییەی کە ڕۆژانە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن بەرەو ئیسڕائیل دەچن، تاوەکو ببنە ئامانجی حوسییەکان.

مانگی ڕابردوو واشنتن وتی ئێران بە تەواوەتی بەشداربووە لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە کەشتییەکان لە دەریای سووردا، ئاماژەشی بەوەدا زانیارییە هەواڵگرییەکانی زۆر گرنگ بوون بۆ ئەوەی حوسییەکان بتوانن کەشتییەکان بکەنە ئامانج.

لە کۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی چەندین جار ڕەتی کردەوە ئێران بەشدار بووبێت لە هێرشەکانی حوسییەکاندا لە دەریای سوور.

وتەبێژی حوسییەکان محەمەد عەبدولسەلام ڕەتی کردەوە ئێرانییەکان یاخود حیزبوڵڵا یارمەتیدەر بووبێتن لە ئاڕاستەکردنی هێرشەکانی دەریای سووردا. وتەبێژێکی حیزبوڵای لوبنان ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدات.

حوسییەکان دەڵێن لە ڕێی هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە سەر بە ئیسڕائیلن یاخود بەرەو بەندەرەکانی ئیسڕائیل دەڕۆن، پشتیوانی لە حەماس دەکەن.

هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور کاری کردووەتە سەر بازرگانییە جیهانییەکەی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە ڕێی تەنگەی بابولمەندەبی دەرەوەی کەناری یەمەنەوە. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا و بەڕیتانیا هێرشی ئاسمانی بکەنە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن.

سەرچاوەیەکی ئێرانی نزیک لە بابەتەکەوە وتی " سوپای پاسداران یارمەتی حوسییەکانی داوە، لە ڕێی مەشقی سەربازیی و دابینکردنی چەکی پێشکەوتووەوە. مانگی ڕابردوو کۆمەڵێک چەکداری حوسییەکان لە ئێران بوون و لە بنکەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوەڕاستی ئێراندا مەشقییان پێکراوە، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی فێری تەکنەلۆجیا نوێیەکە بن و بزانن موشەکەکان چۆن بەکاردەهێنن."

سەرچاوەکە وتی فەرماندە ئێرانییەکان گەشتییان کردووە بۆ یەمەن و ناوەندێکی سەرکردایەتییان لە سەنعای پایتەختی یەمەن بۆ هێرشەکانی دەریای سوور دامەزراندووە، ناوەندەکەش لەلایەن فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێت کە بەرپرسە لە یەمەن.

دوو شیکەرەوەی سیاسیی دەڵێن هێرشەکانی دەریای سوور لەگەڵ ستراتیژی ئێراندا بۆ فراوانکردنی تۆڕە شیعەکەی گروپە چەکدارییەکان لە ناوچەکەدا دەگونجێت، هەروەها دەگونجێت لەگەڵ ستراتیژییەکەیدا بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی و دەرخستنی تواناکانی بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکە و دەرەوەشدا.

بەڕێوبەری ناوەندی توێژینەوەکانی کەنداو، عەبدولعەزیز ئەلساگەر دەڵێت " حوسییەکان سەربەخۆ کارناکەن."

وتی " حوسییەکان لە ڕووی چەکدار و شارەزا و تواناکانییەوە ئەوەندە پێشکەوتوو نین. ڕۆژانە دەیان کەشتی بە تەنگەی باب ئەل مەندەبدا تێدەپەڕن، حوسییەکان ئەو ئامڕاز و سەرچاوە و زانیارییە یاخود زانیاری مانگی دەستکردنییان نیە بزانن کام کەشتییە ئامانجەکەیە و هێرشی بکەنە سەر."

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئادریان واتسن مانگی ڕابردوو وتی ئێرانییەکان زانیاری هەواڵگری تەکتیکییان داوە بە حوسییەکان و ئەو زانیارییانەش وایکردووە حوسییەکان بتوانن کەشتییەکان بکەنە ئامانج.

بەپێی دوو سەرچاوەی پێشووی سوپای یەمەن، بوونێکی ئاشکرای ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵا هەیە لە یەمەن. ئەوان بەرپرسن لە سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و مەشق و کۆکردنەوەی ئەو موشەکانەی کە پارچە بە پارچە بە قاچاخ دێنە ناو یەمەنەوە.

توێژەری باڵای ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی سەنعا، عەبدولغەنی ئەل ئیریانی دەڵێت " بە ئاشکرا دیارە کە ئێرانییەکان یارمەتی حوسییەکان دەدەن لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و ئاڕاستەکاندا. حوسییەکان توانای دەستنیشانکردنی کەشتییەکانییان نیە."

سەرچاوەیەکی ناوچەکە کە ئاگاداری ئێرانە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " بڕیارە سیاسییەکە لە ئێرانە، بەڕێوەبردنەکە حیزبوڵایە، شوێنەکەش حوسییەکانە لە یەمەن."

وتەبێژی حوسییەکان عەبدولسەلام وتی ئامانجی گروپەکە بە ئامانجکردنی ئەو کەشتییە ئیسڕائیلییانەیە کە بەرەو ئیسڕائیل دەچن، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یاخود زیانێکی گەورەی ماددی بکەوێتەوە. وتی هێرشەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا ناچارییان ناکات کۆڵ بدەن.

وتی " نکۆڵی لەوە ناکەین کە پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئێراندا هەیە و سوودمان لە ئەزموونی ئێرانییەکان وەرگرتووە لە مەشق و توانا سەربازییەکاندا، بەڵام ئەو بڕیارەی کە یەمەن دەیدات بڕیارێکی سەربەخۆیە و بڕیارێکە کە هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ لایەنێکی دیکەوە نیە."

بەڵام بەرپرسێکی ئاسایشی نزیک لە ئێرانەوە دەڵێت " حوسییەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک و هەموو شتێکی دیکەیان هەیە کە پێویست بێت بۆ شەڕەکەیان دژی ئیسڕائیل، بەڵام پێویستییان بە ڕێنمایی و ڕاوێژ هەبووە لەسەر ڕێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان، ئەوەش لەلایەن ئێرانەوە بۆیان دابینکراوە."

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئێران چی ڕاوێژێکی پێداون، وتی ڕاوێژەکە هاوشێوەی ئەو ڕاوێژییە بووە کە ئێران لە سوریا داوییەتی، لە مەشقەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکان.

بەرپرسە ئاسایشییەکە وتی " کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ئێستادا لە سەنعان و یارمەتی ئۆپەراسیۆنەکان دەدەن."

ئێران سەدان ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانی شان بە شانی هەزاران چەکداری حیزبوڵڵای ڕەوانەی سوریا کرد، هاوکات گروپە چەکدارییە شیعەکانی لە عێراق و پاکستان و ئەفغانستانەوە ڕێکخست و ڕەوانەی سوریای کردن، ئەوەش لە پێناو ڕێگریکردن لە ڕووخانی ڕژێمەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا.

سەرکردەیەکی ناو هاوپەیمانێتییەکەی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران ڕەتی کردەوە هیچ فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران یاخود حیزبوڵا لە ئێستادا لە یەمەن بن.

وتی تیمێک لە شارەزایانی سەربازی ئێران و حیزبوڵڵا پێشتر لە جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا چوون بۆ یەمەن، بۆ دابینکردنی مەشق و پڕچەککردنییان و دروستکردنی توانای بەرهەمهێنانی چەک بۆ حوسییەکان.

وتی " هاتن و یارمەتی حوسییەکانییاندا و ڕۆیشتن، وەکو چۆن لەگەڵ حیزبوڵڵا و حەماسدا هەمان شتییان کرد." وتیشی توانا سەربازییەکانی حوسییەکان نابێت بە کەم سەیر بکرێن.

وتیشی حوسییەکان زۆر بە باشی خاکەکە و دەریاکە دەزانن و پێشتریش سیستمیان داناوە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، بە سیستمی وردیشەوە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆیان دابینکراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG