Accessibility links

ئایەتوڵا شەهرودی لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا چارەسەر دەکرێت


حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت سەرۆکی پێشووی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە ژێر چارەسەری تەندروستیدایە لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیادا.

دەمڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ دووشەممە وتوویەتی چەند هەفتەیەکە ئایەتوڵا مەحمود هاشمی شەهرودی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هانۆڤەرە و دەشڵێت شەهرودی بەهۆی هەبوونی نەخۆشییەکی خراپەوە داوای چارەسەرکردنی تەندروستی کردووە و داواکەشی پاش تاووتوێکردن و دڵنیابوون لەوەی هۆکاری متمانە پێکراو هەن بۆ چارەسەرکردن، داواکەی پەسەند کراوە.

ئایەتوڵا شەهرودی سەرۆکی ئەنجومەنی بەرژەوەندی ئێرانە و ئەرکەکەیشی نێوەندگیرییە لە نێوان مەجلیسی شورای ئێران و شورای نیگەهبان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکانی پەیوەندییان بە دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە.

شەهرودی لە ساڵی 1999 وە بۆ ماوەی 10 ساڵ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بووە و بەردەوامیش لەژێر ڕەخنەی نێونەتەوەییدا بووە بەهۆی بڕیارە زۆرەکانیەوە بۆ سەپاندنی سزای مردن.

ئەڵمانیا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە بە هۆی ئەوەی شەهرودی لەوێیە و ئەم ڕەخنانەش لە میدیای ئەڵمانیادا ڕەنگیان داوەتەوە بە شێوەیەک لەمڕۆ دووشەممەدا بۆتە سەردێڕی هەواڵەکان و نوسراوە " دادوەری مەرگ‌هێنەرە لە ئێران، لە ئەڵمانیا نەخۆشێکی خۆشگوزەرانە ."

XS
SM
MD
LG