Accessibility links

لەمیانەی مەشقێکی دەریاییدا موشەکێک بەر کەشتیەکی جەنگی ئێرانی کەوتوو و 19 دەریاوان کوژران


هێزی دەریایی ئێران بڵاویکردەوە لەمیانەی مەشقەکاندا کەشتیەکی جەنگی ئێرانی بە هەڵە موشەکێکی ئاڕاستەی کەشتیەکی دیکە کردووە و لە ئەنجامدا 19 دەریاوان کوژراون و 15 ی دیکە برینداربوون.

ئەم ڕووداوەش لەمیانەی مانۆڕە سەربازییەکاندا لە کەنداوی عومان ڕوویداوە کە ڕێڕەوێکی گرنگە و دەچێتەوە سەر تەنگەی هورموز، زۆرجار ئێران مەشقە دەریاییەکانی لەو ئاوەدا دەکات.

ڕادیۆی ئێران وتی کەشتیگەلی جومران لەمیانەی مەشقەکاندا موشەکێکی ئاڕاستەی کەشتیەکی پشتیوانی کردووە. ئەوەشی خستەڕوو کەشتیە پشتیوانییەکە لە ئامانجەکەوە زۆر نزیک بووە و بەرکەوتووە.

کەناڵی فەڕمی ئێران لە زاری هێزی دەریایی ئێرانەوە بڵاویکردەوە " ڕووداوەکە لە باشووری ئێران لە ئاوی بەندەر جاسکدا ڕوویداوە و لەمیانەی مەشقێکی دەریایی ئێراندا بووە، بۆتە هۆی کوژرانی 19 دەریاوان و برینداربوونی 15 ی دیکە."

ڕادیۆی ئێران ئاماژەی بەوەدا ئەو کەشتیەی کە موشەکەکەی بەرکەوتووە ناوی کنارکە و لە هۆڵەندا دروست کراوە، پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 دا کڕدراوە و لە ساڵی 2018 دا چاککراوەتەوە و چوار موشەکی کروزی لەسەرە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG