Accessibility links

داواکاری گشتی لە شارێکی فەڕەنسا ڕازی بووە ئەندازیارێکی ئێران ڕادەستی ئەمەریکا بکرێت


داواکاری گشتی شاری ئێکس ئێن پرۆڤێنسی باشوری ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا ئەمڕۆ سێشەممە ڕازیبوو ئەندازیارێکی ئێرانی ڕادەستی ئەمەریکا بکات بە تۆمەتی هەوڵی گەیاندنی تەکنەلۆجیای ئاست بەرز بۆ ئێران تاوەکو لە بواری لەشکریدا بەکاربهێنرێت.

جەلال ڕوحوڵڵانەژاد تەمەن 41 ساڵ، لە 2 ی مانگی دوو لە فڕۆکەخانەی نیسی باشوری ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا دەسـتگیرکرا پاش ئەوەی لە تارانەوە و لە ڕێگەی مۆسکۆوە هاتبوو. دەستگیرکردنەکە لەسەر داوای دادوەرانی ئەمەریکا بووە.

دوو دادوەری ئەمەریکا لە واشنتنی پایتەخت ناوبراو تۆمەتباردەکەن بە سەرپـێچیکردن لە سزاکانی دژی ئێران لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ ڕەوانەکردنی ئامێری پـیشەسازی هەستیار بۆ ئێران.

دەڵێن ئامێرەکان تایبەتن بە پـیشەسازی مایکرۆوەیڤ و سیستەمی دژە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. جەلال ڕوحوڵڵانەژاد کە بۆ کۆمەڵەی "رایان رشد أفراز" ی سەر بە سوپای پاسداران کاردەکات، هەوڵی داوە ئەو ئامێرانە ڕەوانەی ئیمارات بکات تاوەکو لەوێوە بە نهێنی بەرەو ئێرانی ببرێن.

کاربەدەستان دەڵێن دەکرێت ئەو ئامێرانە بەکاربهێنرێن لە دروستکردنی ئەو چەکانەی بە وردی ئامانجەکانیان دەپـێکن.

ناوبراو پـشتڕاستی کردووەتەوە کە بۆ چەندان ساڵ کاری بۆ توێژینەوەی زانستی کردووە لە واڵایی ئاسمانی ئێراندا. کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن توێژینەوەکانی پەیوەست بوون بە دروستکردنی موشەکی بالستی.

چاوەڕوان‌دەکرێت دادگای پـیاداچوونەوەی فەڕەنسا لە 22 ی مانگی پـێنج بڕیاری خۆی لەسەر بدات.

XS
SM
MD
LG