Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانی سوریادا کۆبۆوە


وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف

دەزگای هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف گەیشتۆتە دیمەشق بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی سوریادا.

وەزیری بەرگری ئێران هەفتەی ڕابردوو سەردانی سوریای کرد و لەگەڵ هاوتا سورییەکەیدا ڕێکەوتنێکی هاریکاری سەربازییان واژۆ کرد.

دەزگای هەواڵی فارسی لە زاری وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفەوە بڵاویکردەوە لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق وتوویەتی دەبێت پارێزگای ئیدلبی سوریا لە چەکدارەکان پاکبکرێنەوە.

هەروەها وتیشی " دەبێت پارێزگاری لە هەموو خاکی سوریا بکرێت هەموو لایەنەکان پێکەوە بە کۆمەڵ دەست بکەن بە دووبارە بنیادنانەوە و هەموو پەنابەرە سورییەکانیش بگەڕێنەوە بۆ لای خێزانەکانیان."

دەزگای هەواڵی فارس لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمییەوە بڵاویکردەوە وا بڕیارە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە تاران لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا کۆببێتەوە.

قاسمی وتی " من گەشبینم بەوەی کە ئەم کۆبوونەوەیە سەرکەوتوو دەبێت و بنیادنەرانە دەبێت بۆ ناوچەکە و گەلی سوریا و جەنگی دژی تیرۆر."

دەزگای فارس وتیشی سێ سەرۆکەکە ڕۆژی هەینی کۆدەبنەوە.

ئەم کۆبوونەوەیەش لەکاتێکدا دێت کە هێزەکانی حكومەتی سوریا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرش کردنە سەر پارێزگای ئیدلب و ناوچەکانی دەوروبەری، ئیدلب کۆتا شوێنی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنە.

دەزگای فارس لە زاری قاسمییەوە بڵاویکردەوە " یەکێک لە بابەتەکانی ئەمڕۆ ئیدلبە و کۆتا شوێنی چەکدارانی یاخیبووە. حکومەتی سوریا سوورە لەسەر ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم کارەساتە دابنێت."

وتیشی " حکومەتی سوریا مافی خۆیەتی لەدژی تیرۆر بجەنگێت لەم ناوچەیەدا. ئێرانیش وەکو پشتیوانێکی سوریا ئامادە دەبێت و بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی یارمەتی ڕاوێژی بۆ سوریا هەتا ئەو کاتەی حکومەتی سوریا دەیەوێت."

XS
SM
MD
LG