Accessibility links

ئێران دەڵێت لە تەنگەی هورمز دەستیگرتووە بەسەر کەشتیـیەکدا


سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت لە تەنگەی هورمز دەستیگرتووە بەسەر کەشتیـیەکدا کە نەوتی بە قاچاغ بارکردووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران ئەمڕۆ پـێنجشەممە هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە، دەڵێن بەشی پەیوەندیـیە گشتیـیەکان لە ناوچەی یەکی دەریایی وڵاتەکەیان ڕایگەیاندووە سوپای پاسداران ڕۆژی یەکشەممە لە میانەی کارەکانی دیدەوانی و چاودێریکردن لە باشوری دورگەی لارک لە کەنداوی فارس کەشتیـیەکی بیانیـیان ڕاگرتووە کە یەک ملیۆن لیتر نەوتی قاچاغی بارکردووە. دەشڵێن تاقمی کەشتیـیەکە لە 12 کەس پـێکدێت، بەڵام هیچ زانیاریـیەکیان لە بارەی ناوی کەشتیـیەکە و خاوەنەکەی ئاشکرا نەکردووە.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئێران پاش چەند ڕۆژێک دێت لەوەی کەشتیـیەکی نەوتی ئیمارات لە ئاوی کەنداو بێ‌سەروشوێن بووە.

بەپـێی دەزگای چاودێری هاتوچۆی دەریایی، کەشتیـیەکە کە ناوی "ڕیاح"ـە و ئاڵای پەنەمای بەسەرەوەیە، لە شەوی یەکشەممەوە لە نزیک دورگەی قشم پەخشی ڕادیۆیی دەستنیشانکردنی شوێنەکەی ڕاگرت.

کاربەدەستێکی ئیمارات بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە کەشتیـیە بەر لەوەی ئامێرەکانی پەخشەکەی بکوژێنێتەوە هیچ هوشداریـیەکی نەداوە.

گوتیشی کەشتیـیە درێژیـیەکەی 58 مەترە و نەوتی لە دوبەی و شاریقەوە بارکردبوو تاوەکو بەرەو بەندەری شاری فوجیرەی ببات.

پـێشتر لەگەڵ دیارنەمانی ئەم کەشتیـیە کاربەدەستێک لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتبوو پـێـیانوایە ئێران دەستیگرتووە بەسەر ئەو کەشتیـیەدا.

XS
SM
MD
LG