Accessibility links

ئێران دوو دیبلۆماتکاری ئەڵمانی لە وڵاتەکە دەردەکات


ئێران ڕایگەیاند فەرمانی بە دوو دیبلۆماتکاری ئەڵمانی کردووە وڵاتەکە جێبهێڵن، بەرلینیشی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دەستوەردان لە کاروباری دادوەری تاراندا.

ئەم بڕیارەی ئێران دوای ئەوە دێت هەفتەی ڕابردوو ئەڵمانیا وەکو وەڵامێک بۆ سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر هاوڵاتییەکی ئەڵمانیدا لەلایەن ئێرانەوە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە بەرلین دەرکرد.

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانییەوە بڵاویکردەوە " دوو دیبلۆماتکارە ئەڵمانییەکە بەهۆی دەستوەردانی نابەرپرسانەی ئەڵمانیاوە لە کاروباری ناوخۆ و دادوەری ئێراندا دەرکراون."

وتیشی " کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی دژی داواکارییە زیادەڕۆییەکان دەجوڵێتەوە."

ئەڵمانیا داوای لە ئێران کردووە ئەو سزای مەرگەی سەپاندوویەتی بەسەر هاوڵاتییە ئەڵمانی ئێرانییەکەدا کە ناوی جەمشید شەرمەهدە هەڵبوەشێنێتەوە، شەرمەهد بە تۆمەتی " گەندەڵیکردن لەسەر زەوی " تۆمەتبار کراوە. بڕیارەکە دەتوانرێت پێداچوونەوەی پێدا بکرێت.

ئێران شەرمەهدی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ڕابەرایەتیکردنی گروپێکی لایەنگری پاشایەتیخواز کە گروپەکەش بە هەمان شێوە بە تۆمەتی تەقینەوە کوشندەکەی ساڵی 2008 و پلان دانان بۆ ئەنجامدانی هێرشی دیکە لە ئێران تۆمەتبار کراوە.

ئەڵمانیا بە ئاشکرا پشتیوانی لە سزاکانی یەکێتی ئەوروپا کردووە دژی ئێران بەهۆی سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دژی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە. یەکێتییەکە بە نیازە سزاکانی سەر ئێران فراوانتر بکات تاوەکو ئەو ئێرانییانەش بکاتە ئامانج کە دەستییان هەیە لە جەنگەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG