ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی 5 چالاکوانیان له‌سێداره داوه که چواریان کوردن و یه‌کێکیش له‌و چوار کورده ژنه و پێشتر به‌وه‌ی سه‌ر به ڕێکخراوێکی چه‌کداری ئۆپۆزسیۆن و ئه‌نجام دانی ژماره‌یه‌ک هێرشی بۆمبی گوناهبار کرابوون.
ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی ئێران (IRNA) ده‌ڵێت ئه‌و پێنج که‌سه سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه له زیندانی ئه‌ڤین له تاران له سێداره دراون. ئێرنا ناوی ئه‌و پێنج که‌سه‌ی بڵاو کردۆته‌وه که بریتین له فه‌رزاد که‌مانگار، عه‌لی حه‌یده‌ریان، فه‌رهاد وه‌کیلی، مه‌هدی ئیسلامیان و شیرین عه‌لم هولوو.
ئێرنا ده‌ڵێت کورده‌کان به تاوانی موحاره‌به گوناهبار کراون، ئه‌مه‌ش ئه‌و شێوازه‌یه که ئێران به‌کاری ده‌هێنێت وه‌ک تاوانبار کردن به دژایه‌تی‌کردنی ئیسلام. ئێرنا ئاماژه‌ی به‌وه کردووه ئه‌و پێنج چالاکوانه ده‌ستیان له کاری تێرۆریستی‌دا هه‌بووه، وه‌ک ده‌ڵێت له‌وانه دانانه‌وه‌ی بۆمب له باڵه‌خانه‌کانی حکومه‌تدا.
چالاکوانی پێنجه‌میش مه‌هدی ئیسلامیان ئه‌ندامی ڕێکخراوی سه‌ڵته‌نه‌ت ته‌ڵه‌ب بووه و وه‌ک ئێرنا ده‌ڵیت ده‌ستی هه‌بووه له ته‌قاندنه‌وه‌ی مزگه‌وتێکی شاری شیراز .
پارتی ژیانه‌وه‌ی کوردستان واته پژاک شه‌ڕ بۆ خودموختاری کورده‌کان ده‌کات له ناوچه‌کانی ڕۆژئاوای ئێران. پژاک هاوپه‌یمانی پارتی کرێکارانی کوردستانه که ئه‌م پارتیه‌ش شه‌ڕ بۆ خودمه‌ختاری کورده‌کان ده‌کات له باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا.
ڕێکخراوی ئه‌منیستی ئینته‌رناشناڵ که ڕێکخراوێکی داکۆکیکاره له مافه‌کانی مرۆڤ له یه‌کێـک له ڕاپۆرته‌کانیدا ئێرانی به پله دوو داناوه له‌پاش چین له‌و ڕیزبه‌ندیه‌ی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی کردوه که سزای له‌سێداره‌دان تیایاندا به‌جێ‌ده‌گه‌یه‌نرێن.
ئه‌م سـزای له‌سێداره‌دانانه کاردانه‌وه‌ی به دوای خۆیدا هێناوه. له شـاری سلێمانی ژماره‌یه‌ک له ڕۆشـنبیر و ڕووناکبیران له‌گه‌ڵ کورده ئێرانیـیه‌کاندا پـێـکڕا گردبوونه‌وه‌یه‌کیان سـازداوه وه‌ک ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به سه‌پاندنی سـزای مه‌رگ به‌سه‌ر چالاکوانانی ئێرانی‌دا.
له‌تیف نێروه‌یی په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ڕاپۆرتی له‌و باره‌یه‌وه ناردووه، ده‌توانن گوێبیسـتی بن له ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ.