Accessibility links

پـیاوێکی ئێرانی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ئێران حوکمی زیندانی دەدرێن


ماڵپەڕێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئێران پـیاوێـکی ئێرانی کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریکایـشە حوکمی 27 ساڵ زیندانی دراوە و هاوسەرەکەشی 16 ساڵ.

ماڵپەڕی ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پەیامێکی کارەن وەفاداری بڵاوکردەوە کە لە بەندیخانەی ئەوینەوە ناردوویەتی و تیایدا نووسیویەتی هەفتەی ڕابردوو دادگای شۆڕش لە تاران ئەم بڕیاری زیندانیکردنانەی بۆ دەرکردوون هەرچەندە ئەو تۆمەتە ئاسایشیـیانەی ئاڕاستەیان کرابوو دروست نەبوون و لابراون.

جێی ئاماژەیە کارەن وەفاداری و ئافەرین نێیساری هاوسەری کە مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی لە ئەمەریکا هەیە، ئەوەی بە گرین کارت ناودێر دەکرێت، لە مانگی حەوتی ساڵی 2016 دەستگیرکران. سەرەتا تۆمەتبارکران بەوەی ئاهەنگێکی تێکڵاوی ژنان و پـیاوانیان بۆ دیپـلۆماتانی بیانی سازکردبوو و هەروەها مەی لە ماڵەکەیان گیراوە.

بەڵام کەسوکاریان لە ساڵی 2017 گوتیان تۆمەتی لەوە مەترسیدارتریان ئاڕاستەکراوە، لەوانە سیخوڕی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی وڵاتەکە و پـیلانگێڕان لە دژی ئاسایشی نشتمانی ئێران.

کارەن وەفاداری و ئافەرین نێیساری
کارەن وەفاداری و ئافەرین نێیساری

وەفاداری کە ئاینەکەی زەردەشتیـیە، دەڵێت لە لایەن دەزگای ئیتیلاعاتی سوپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانج بەهۆی چالاکیـیە نێودەوڵەتیـیەکانی لە بواری هونەردا و هەروەها بەهۆی ئەوەی خاوەنی دوو ڕەگەزنامەیە.

وەفاداری گوتویەتی" ئەمە مانای وایە من و هاوسەرەکەم و هەموو زەردەشتیـیەکانی خاوەنی دوو ڕەگەزنامەین، ئەگەربێت بمانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتەی خۆشمان دەوێت، ئەوا دووچاری مەترسی لەدەستدانی سەروت و سامانەکەمان دەبین و ناچاردەکرێن وڵاتەکە جێبهێڵین.

ئێران گرنگی نادات بەوەی کەسێک خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتێکی دیکە بێت، بۆیە ڕێگە نادات کاربەدەستانی باڵیۆزخانەی وڵاتان سەردانی ئەو دەستگیرکراوانە بکەن کە ڕەگەزنامەی وڵاتەکانیان هەیە.

بەپـێی ڕۆیتەرز لەوەتای ساڵی 2015 وە سوپای پاسداران بە لایەنی کەم 30 کەسی خاوەن دوو ڕەگەزنامەی دەسـتگیرکردووە و زۆربەیان بە تۆمەتی پەیوەست بە سیخوڕی.

لە ئێستادا کارەن وەفاداری و ئافەرین نێیساری ماوەی 21 ڕۆژیان لە بەردەمدایە بۆ پـێشکەشکردنی داوای پـیاداچوونەوە بە بڕیاری زیندانیکردنەکەیاندا.

XS
SM
MD
LG