Accessibility links

ڕوحانی لە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەوروپا دەکات


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕوحانی لە مانگی داهاتوو سەردانی نەمسا و سویسرا دەکات وەکو بەشێک لە هەڵمەتەکانی تاران بۆ دڵنیابوونەوە لە پشتیوانی بەردەوامی ئەوروپاییەکان لە سەودا ناوکییەکەی ساڵی 2015.

چارەنوسی سەودا ناوکییەکە کەوتە ڕەوشێکی نادیارەوە پاش ئەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەوداکە دەکشێتەوە و سزاکانی دەخاتەوە سەر ئێران کە زیانیش بەو کاردارییە جیهانیانە دەگەیەنێت ئەوانەی لە ئێران سەرمایەیان وەگەڕخستووە.

لایەنەکانی تری ئەوە ڕێککەوتنە بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ڕوسیا بەڵێنیان داوە وابەستەی ڕێککەوتنەکە بن بەڵام کۆمپانیاکانیان ڕووبەڕووی مەترسیی سزای دارایی زۆر دەبنەوە ئەگەر بەردەوام بن لە کارەکانیان لە ناو ئێران.

ئێران هۆشداری داوە ئامادەیە لە چەند ڕۆژێکدا دەستبکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی لەسەدا بیست ئەگەر ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێتەوە و هۆشداریشی داوە بە ئەوروپا و دەڵێت کات لەدەست دەچێت.

ئەم سەردانەی ڕوحانی بۆ ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە لەلایەن سەرۆکەکانی هەردوو ئەو وڵاتانەی ئەوروپاوە ڕاگەیەندرا.

ڕۆحانی 2 و 3 ی مانگی 7 لە سویسرا دەبێت و پاشان لە 4 ی مانگی 7 دەچێتە ڤیانا کە بنکەی سەرەکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێونەتەوەیی ناسراو بە IAEA لێیە و ئەو ئاژانسە چاودێری ئێران دەکات بۆ ئەوەی بزانێت تا چ ئاستێک پەیوەستە بە ڕێککەوتنەکەوە.

XS
SM
MD
LG