Accessibility links

سەرۆکەکانی میسڕ و ئێران تاوتوێی پەرەسەندنەکانی غەززە و باشکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەکەن


کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە سەرۆکەکانی میسڕ و ئێران تاوتوێی پەرەسەندنەکانی ئەمدواییانەی ناو غەززە و ئەگەری باشکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیان کردووە، دەزگاکە وتی ئەمە یەکەمین پەیوەندی تەلەفونی نێوان دوو سەرۆکەکە بووە.

کەناڵەکە وتی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی پەیوەندی بە هاوتا میسڕییەکەی عەبدل فەتاح ئەل سیسییەوە کردووە. دوو سەرۆکەکە لە مانگی یانزەدا بۆ یەکەمین جار لە پەراوێزی لوتکەیەکی هاوبەشی ئیسلامی عەرەبیدا لە ڕیاز چاوییان بە یەکتر کەوت.

کەناڵەکە وتی "ڕەئیسی وتوویەتی ئێران ئامادەیە بە هەموو تواناکانییەوە کۆمەڵکوژییەکەی ڕژێمی زایۆنی ڕابگرێت و یارمەتی بنێرێت بۆ فەلەستینییەکان." وتیشی ئەوە یەکەمین جار بووە دوو سەرۆکەکە لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسە بکەن.

لەم چەند دەیەیەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و میسڕ بە شێوەیەکی گشتی خراپ بوون، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دوو وڵاتەکە هەندێک لە پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی نێوانیان پاراستووە. پەیوەندییە تەلەفونییەکەیان دوای هەنگاوەکانی وڵاتانی ناوچەکە دێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا سعودیەی هاوپەیمانی میسڕ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا ئاسایی کردەوە، هاوکات میسڕ پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەڕدا باشکردەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا دامەزراندەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG