کۆمیته‌یه‌کی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران پلانێکی حکومه‌تی ئێرانی ڕه‌تکردۆته‌وه که تایبه‌ت بووه به زیاد کردنی نرخی به‌شه خوارده‌مه‌نی و سوته‌مه‌نی که به پسوڵه‌ی مانگانه ده‌درێت به وڵاتیانی ئێرانی.
ئه‌و سزا ئابوریانه‌ی به‌هۆی به‌رنامه‌ی ناو‌کی مشت و مڕ له‌سه‌ر سه‌پێندراوه‌ته سه‌ر ئێران به شیوه‌یه‌کی به‌رچاو بڕی پاره‌ی له ئێران‌دا که‌م کردۆته‌وه که داهاتی نه‌وت سه‌رچاوه‌که‌یه‌تی.
ئاژانسی ده‌نگ و باسی ڕۆیته‌رز ده‌ڵێت ئه‌و که‌می داراییه بۆته فشار به‌سه‌ر مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رۆکی ئێرانه‌وه تا هه‌وڵی که‌م کردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌کانی حکومه‌ته‌که‌ی بدات .
ئه‌م کۆمیته‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران (په‌رله‌مان) که تاووتوێی بودجه‌ی ئه‌مساڵی وڵاته‌که ده‌کات ئاستی که‌م کردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌کانی حکومه‌تی ڕه‌تکردۆته‌وه.
هاوکات ئاژانسی ده‌نگ و باسی میهر نوسیویه ده‌شێت ئه‌ندامانی شورا تا ئه‌ندازه‌یه‌ک زیادکردنی نرخی سوته‌مه‌نی په‌سه‌ند بکه‌ن به‌ڵام زۆر که‌متر له‌و ڕێژه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌یه‌ی حکومه‌تی ئێران داوای کردووه.
هه‌ر له ئێران ، ئه‌نجامی کۆتایی دوایه‌مین گه‌ڕی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران پاشه‌کشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه بۆ مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رۆکی ئێران ، به شیوه‌یه‌ک که ده‌شێت کاریگه‌ری هه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ساڵی داهاتووی سه‌رۆکایه‌تی ئێران.
به‌پێی ئه‌نجامه کۆتاییه‌کان که ده‌ره‌نگانێکی ڕۆژی شه‌ممه بڵاوکرانه‌وه لایه‌نگرانی سه‌رۆکی ئێران ته‌نها 13 کورسی ئه‌و 65 کورسیه‌ی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێنا و ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر ده‌سه‌ڵات و هێزی سه‌رۆکی ئێرانی که‌مکرده‌وه له په‌رله‌مانه 290 کورسیه‌که‌ی ئێران‌دا.