Accessibility links

ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزە بەهێزەکە لە ئێران گەیشتە 530 کوژراو


کاربەدەستانی ئێران دەڵێن ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزە بەهێزەکەی شەوی یەکشەممە لە نزیک کرماشانی دابوو، زیادیکردووە و پـێشبینی دەکەن لەوەش زیاترببێت.

بەڕێوەبەری پەیوەندیـیە گشتیـیەکان لە ئۆفیسی پـزیشکی دادوەری کرماشان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند ژمارەی ئەوانەی لە بومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 530 کەس و بریندارەکانیش 7460 کەس.

لە لایەکی دیکە حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران ئەمڕۆ سەردانی کرماشانی کرد و لەوێ بەڵێنی دا حکومەت بە هەموو تواناکانیەوە بە هانای لێقەوماوەکانەوە بچێت. داواشی لە کاربەدەستانی حکومەت و فەرماندە لەشکریـیەکان و دەزگا خێرخوازەکان و ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان کرد یارمەتی دەزگای نیشتەجێکردن بدەن و هیچ کەسێک سەربەخۆیانە هیچ کارێک نەکات. ئەو دەزگایەش دەزگایەکی نیمچە حکومیـیە و کاتی خۆی لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دامەزراوە.

دوێنێ دووشەممە پیرحوسەین کولیوەند بەرپـرسی دەزگای بەهاناچوونی پـزیشکی ئێران بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کارەکانی بەهاناچوون لە ئوستانی کرماشان بە کۆتایی هاتن.

بەپـێی کاربەدەستانی خۆجێی هەتا دوێنێ دووشەممە خەڵکێکی زۆری لێقەوماو یارمەتیان پـێنەگەیشتبوو و جگە لەوە بەدەست سەرمایەکی زۆر دەناڵێنن، ئەمەش لە کاتێکدا زۆربەیان ماڵەکانیان وێرانبوون و لە دەرەوە شەو بەسەر دەبەن.

فەرامەرەز ئەکبەری فەرمانڕەوای ئوستانی قەسری شیرین ئەویش گوتویەتی هێشتا لە هەندێک گوند خەڵکی پـێویستیان بە خۆراک و ئاو و شوێنە.

XS
SM
MD
LG