Accessibility links

سوید داوا لە ئێران دەکات پـزیشکێک لە سێدارە نەدات


وەزیری دەرەوەی سوید دەڵێت داوای لە هاوتا ئێرانیـیەکەی کردووە ئەحمەد ڕەزا جەلالی پـزیشکی سویدی ئێرانی لە سێدارە نەدەن کە بە سیخوڕی تۆمەتبارکراوە.

ئانن لیندە لەسەر تویتەرەکەی خۆی نووسیویەتی" لەسەر ڕۆشنایی ئەو زانیاریـیانەی دەڵێن لەوانەیە ئێران سزای مەرگ بەسەر هاوڵاتی سویدی جەلالی جێبەجێ بکات، ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کرد. سوید سەرزەنشتی سزای مەرگ دەکات و کاردەکات بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی ئەو سزایە بۆ جەلالی دەرچووە جێبەجێ نەکرێت."

هاوکات ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران هۆشداری داوە لە مەترسی لەسێدارەدانی جەلالی. دەڵێت ناوبراو کە لە زیندانی ئیڤینە (اوین) براوەتە ژوری تاکەکەسی و لەم نزیکانە بۆ زیندانی ڕەجائی شەهر دەبرێت هەتا لەوێ لەسێدارەبدرێت.

ڕێکخراوی ئەمنستی نێودەوڵەتی ئەویش ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت مەترسی هەیە جەلالی لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لەسێدارەبدرێت.

دیانا ئەلتەحاوی جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای ئەمنستی دەڵێت داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەن دەستبەجێ بێنەدەنگ لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانیانەوە لە تاران بۆ ڕزگارکردنی ژیانی جەلالی.

ئەحمەد ڕەزا جەلالی کە لە ئنستتیوتی کارۆلینسکای پـزیشکی سوید کاری دەکرد، دەعوەتنامەیەکی فەرمی بۆ چووبوو لەلایەن زانکۆی تارانەوە، بەڵام لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ ئێران لە 24 ی مانگی چواری ساڵی 2016 لەلایەن ئیتیلاعاتەوە دەستگیرکرا و پاشان بە تۆمەتی سیخوڕی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.

تاران جەلالی تۆمەتبار دەکات بەوەی زانیاری بە مۆسادی ئیسرائیل داوە لە بارەی دوو شارەزای ناوکی ئێران کە دواتر کوژراون. بەڵام جەلالی ئەو تۆمەتە بە توندی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بۆیە ئەو سزایەیان بۆ دەرکردووە چونکە ئامادە نەبووە لە ئەوروپا سیخوڕی بۆ تاران بکات.

XS
SM
MD
LG