Accessibility links

بەهای دراوی ئێرانی هەتا دێت و زیاتر دەشکێت


هەتا دێت و دراوی ئێرانی بەهاکەی دێتە خوارێ بەهۆی توندکردنی سزاکانی ئەمەریکا بەسەریدا لە پاش کشانەوەی واشنتن لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ساڵی 2015 .

بەپـێی بازاڕەکانی دراو لە ئێران ئەمڕۆ هەینی نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکایی 15 هەزار و 350 تمەن بووە، لە کاتێکدا هەفتەی ڕابردوو بە 14 هەزار و 600 تەمەن بوو، واتە لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی یەک دۆلار 750 تمەنی دیکەی زیادکردووە.

شارەزایان دەڵێن شکانی بەهای دراوی ئێران هێندەی دیکە زیادیکرد دوای ئەوەی تاران ڕایگەیاند ئامادە نیـیە چیتر پابەندی هەندێک لە خاڵەکانی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە بێت. جگە لەوەش ئەمەریکا سزای نوێی سەپاندە سەر کەرتی پـیشەسازی کانزای ئێران.

مانگی ڕابردووش بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند لە سەرەتای مانگی پـێنجەوە چیتر لەو وڵاتانە خۆش نابێت کە نەوت لە ئێران هاوردەدەکەن، ئەمەش بە ئامانجی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵاتەکەیە.

لە لایەکی دیکەوە ئەمەریکا هێزی لەشکری زیاتری بۆ ناوچەکە ڕەوانەکردووە لە پاش ئەو ڕاپـۆرتانەی باس لە بوونی هەڕەشەی ئێرانی بۆ سەر بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەکەن. کاربەدەستان لە واشنتن و تاران بە توندی قسە لە دژی یەکتر دەکەن.

یوسف تەبتەبائی‌نەژاد پـیاوی ئاینی ئێرانی ئەمڕۆ لە نوێژی هەینیدا لە شاری ئەسفەهان گوتی ئەو کەشتیـیە فڕۆکە هەڵگرەی ئەمەریکا کە بە ملیار دۆلارە دەکرێت بە موشەکێک وێرانبکرێت.

XS
SM
MD
LG