Accessibility links

ئازەربایجان باڵیۆزخانەکەی دووبارە لە ئێران دەکاتەوە لە کاتێکدا دوو وڵاتەکە هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدەن


دەزگای ڕاگەیاندنی نیمچە فەڕمی ئێران بڵاویکردەوە ڕۆژی دووشەممە باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە ئێران دووبارە دەستیکردووەتەوە بە کارەکانی، ئەوەش دوای زیاتر لە ساڵێک لە گفتوگۆکانی نێوان دوو وڵاتەکە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

سەرچاوەیەک لە باڵیۆزخانەی ئازەربایجانەوە لە تاران بە ئەسۆشیەتد پرێسی وت باڵیۆزخانەکە دەستی کردووەتەوە بە کارەکانی لە تارانی پایتەخت، بەڵام وتی جارێ بە فەڕمی ڕایناگەیەنێت تاوەکو ئەو کاتەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی دەکاتەوە.

بەڵام ماڵپەڕی هەواڵی ئازی ئازەربایجان ڕۆژی دووشەممە لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجانەوە بڵاویکردەوە باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە ئێران دەستی کردووەتەوە بە کارەکانی لە شوێنێکی نوێ لە تاران. وتیشی باڵیۆزخانەکە دوابەدوای گفتوگۆکانی نێوان ئازەربایجان و ئێران کراوەتەوە.

ماوەیەکی زۆرە پەیوەندییەکانی نێوان باکۆ و تاران گرژییان تێکەوتووە، پەیوەندییەکان خراپتر بوون دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ساڵی 2023 دا چەکدارێک هەڵیکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تارانی پایتەخت و بەرپرسی ئاسایشی باڵیۆزخانەکەی کوشت و دوو پاسەوانی دیکەی بریندار کرد.

ئێران وتی هێرشەکە بەهۆی هۆکاری تایبەتەوە بووە، وتی خێزانی چەکدارەکە دوای سەردانێکی بۆ باڵیۆزخانەکە بێسەروشوێن بووە، بەڵام سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئالیێڤ هێرشەکەی بە " هێرشێکی تیرۆریستی " ناوبرد. باکۆ تارانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە ئیسلامییە توندڕەوەکان کە هەوڵی دوورخستنەوەی حکومەتەکەیان داوە، تارانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

لە مانگی چواری ساڵی 2023 دا، ئازەربایجان چوار دیبلۆماتی ئێرانی لە باکۆ دەرکرد. مانگێک دوای ئەوە، ئێران چوار دیبلۆماتکاری ئازەری دەرکرد، کە لە باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە تەبرێز کارییان دەکرد.

هێرشەکە بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکی درێژخایەن لە نێوان دوو وڵاتە دراوسێکەدا.

پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بە گرژی مانەوە چونکە ئازەربایجان لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا باڵیۆزخانەیەکی لە ئیسڕائیل کردەوە. ئازەربایجان پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ ئیسڕائیلدا پاراستووە، کە تاران بە دوژمنی سەرسەختی سەیری دەکات. ئێران چەندین جار دژایەتی باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئیسڕائیلی کردووە.

سنوورەکانی ئازەربایجان بە باکووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە سەر بە ئیمپڕاتۆری فارسی بوون هەتاوەکو سەرەتای سەدەی 19. زیاتر لە 12 ملیۆن ئازەری لە ئێراندا دەژین و گەورەترین کەمینەن لە کۆماری ئیسلامیدا. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە پاراستنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئازەربایجاندا زۆر گرنگترە بۆ تاران.

هەروەها گرژی هەبووە لە نێوان دوو وڵاتەکەدا لە کاتێکدا ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ شەڕییان کرد. ئێران دەیەوێت سنوورە 44 کیلۆمەترییەکەی لەگەڵ ئەرمینیادا بپارێزێت، ئەوەش شتێکە کە دەکرێت بکەوێتە مەترسییەوە ئەگەر ئازەربایجان لە ڕێی شەڕەوە ناوچەی زیاتری ئەرمینیا بگرێت.

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی سەرۆکی پێشووی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسیدا باشتر بوون. لە مانگی پێنجدا ئێران و ئازەربایجان بەندەری قیز قەلاسیی یاخود قەڵای کچان بە ئازەری کردەوە، لەسەر ڕووبارێکی هاوبەشی نێوانییان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران. ئالیێڤیش ئامادەی مەراسیمەکە بوو.

لە ماوەی مەراسیمەکەدا، ڕەئیسی وتی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و باکۆ لەسەروو پەیوەندی دراوسێیەتییەوەیە و
ناشکێندرێن."

ڕەئیسی لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیدا گیانی لە دەستدا، هەر لەو ڕووداوەدا وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەگەڵ چەند کەسیێکی دیکەدا گیانییان لە دەستدا، ڕووداوەکەش دوای ئەو مەراسیمە ڕوویدا. لاشەی ڕەئیسی ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە دۆزرایەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG