کۆماری ئیسلامی ئێران و زلهێزه‌کانی جیهان دره‌نگانێکی ڕۆژی شه‌ممه ستایشی کۆبوونه‌وه‌که‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی ئه‌سته‌نبوڵیان کردووه و وه‌ک هه‌نگاوێکی سه‌ره‌کی ناودێریان کردووه له‌و دانوستاندنانه‌ی به مه‌به‌ستی هێور کردنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌کانی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری ڕه‌هه‌ندی له‌شکریانه‌ی به‌رنامه ناوکیه‌که‌ی تاران.
یه‌کێک له هه‌نگاوه‌کانی به‌ره‌وپێشچوون له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا، ڕیکه‌وتن بوو تا ڕۆژی 23 ی مانگی پێنجی داهاتوو له به‌غدا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تر بکه‌ن.
به‌ڵام وه‌ک ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس ئاماژه‌ی پێکردووه ، هێشتاش ته‌گه‌ره‌ی گه‌وره له ڕێدا ماوون بۆ هێنانه ئارای تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بنێت ئێران چی بکات و نه‌کات بۆ کۆتایی هێنان به‌و گومانانه‌ی له‌سه‌ر جم و جۆڵه ناوکیه‌که‌ی هه‌یه.
ده‌شێت ئه‌و ته‌گه‌رانه وه‌ک ئه‌و مه‌رجانه لێی بڕوانرێت که شیانی جێبه‌جێکردنیان نییه ، به‌تایبه‌تیش له‌و جیاوازیانه‌ی نێوان تاران و پێنج ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و هه‌روه‌ها ئه‌ڵمانیادا هه‌ن تا کۆماری ئیسلامی ئێران له‌به‌ردانه‌واندن بکات له به‌رنامه ناوکیه‌که‌ی.
له‌وه‌تای 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه که ئه‌و ڕوانینه هاته ئاراوه، ئێران به نهێنی خه‌ریکی دروستکردنی به‌رنامه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمه ، تاران داکۆکی له خۆی ده‌کرد که مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی هه‌یه به مه‌به‌ستی دروستکردنی سوته‌مه‌نی ڕیاکته‌ر به‌پێی په‌یماننامه‌ی بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی ناو‌کی و جه‌ختیشی ده‌کرده‌وه له‌وه‌ی هه‌رگیز ئه‌و تواناییه ناوکییه‌ی بۆ دروستکردنی چه‌کی ناو‌کی به‌کار ناهێنێت.
به‌ڵام وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و وڵاتانی تریش ئێرانیان به‌وه گوناهبار کردووه به‌رده‌وام پێشێلکاری له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا ده‌کات.
ئێران به‌رده‌وامه له پیتاندنی یۆرانیۆم وێڕای سه‌پاندنی چوار سزای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و سزای تریش له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و یه‌کێتی ئه‌وروپا و وڵاتانی تریشه‌وه.
له دانوستاندنه‌که‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی ئه‌سته‌نبوڵدا ئه‌مریکا و ڕووسیا و چین و به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر یه‌ک مێز له‌گه‌ڵ ئێران‌دا کۆبوونه‌وه و له‌گه‌ڵ زانینی ئه‌وه‌ی که هه‌نگاوه‌کانی داهاتوو سه‌خت ده‌بن ، به‌ڵام هه‌ردوو لایه‌ن وتووێژه‌کانیان به بارێکی پۆزه‌تیف باسکرد، به پێچه‌وانه‌ی دوا گه‌ڕی ئه‌و وتووێژانه که 14 مانگ له‌مه‌وبه‌ر کرا.