Accessibility links

خامنەئی سەرکردەیەکی نوێ بۆ سوپای پاسدارانی ئێران دیاریدەکات


ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی
ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی

کەناڵی فەڕمی ئێران بڵاویکردەوە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی جەنەڕاڵ حسێن سەلامی وەکو سەرکردەی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران دیاریکردووە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەمەریکا ئەو هێزە سەربازییەی ئێرانی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناساند.

کەناڵەکە ئاماژەی بە هۆکاری گۆڕینەکە نەدا کاتێک ڕایگەیاند سەلامی ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

کەناڵەکە وتی " ڕابەری باڵا سەلامی وەکو سەرکردەی نوێی سوپای پاسداران دیاریکرد و جێگەی محەمەد عەلی جەعفەری دەگرێتەوە." جەعفەری لە مانگی نۆی ساڵی 2007 ەوە سەرکردەی سوپای پاسدارانە.

لە هەشتی مانگی چواردا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سوپای پاسدارانی ئێرانی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند. ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام بدات دژی هێزەکانی ئەمەریکا.

لە 15 ی مانگی چوارەوە بڕیارەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە پاسدارانی ئێران خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

جێی ئاماژەیە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسە لە بەرنامە ناوەکی و موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران. تاران هۆشیاریداوە لەوەی موشەکی هەیە کە مەوداکەی دەگاتە 2000 کیلۆمەتر، بەم مەودایەش موشەکەکانی دەتوانن بگەنە ئیسڕائیل و بنکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

کەناڵی ئێران ئاماژەی بەوەدا سەلامی لە مانگی یەکدا وتوویەتی ستراتیژییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سڕینەوەی بوونی سەهیۆنی ( ئیسڕائیلە ) لەسەر نەخشەی سیاسیی."

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران لە زاری سەلامییەوە بڵاویان کردەوە " ڕایدەگەیەنین ئەگەر ئیسرائیل هەر هەنگاوێک بنێت بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێمە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی لەناوچوونی."

ئیسڕائیل دەڵێت بەرنامە ناوەکی و موشەکییە باڵیستیکیەکەی هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەکەی، ئێرانیش دەڵێت چالاکییە ناوەکییەکانی تەنها بۆ هۆکاری ئاشتیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG