ڕێکخراوی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ داوای لە ئێران کردووە دەسـتبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک 3 چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ ئازادبکات، ئەمەش پاش ئەو ڕاپـۆرتانەی باس لەوە دەکەن مانیان لە خواردن گرتووە.
هەریەک لە چالاکوانان ئاتنا دایمی و گۆلڕۆخ ئیبراهیمی و هاوسەرەکەی ئارش سادقی مانیان لە خواردن گرت پاش ئەوەی لە کۆتایی مانگی یەک لە زیندانی ئەوینەوە گواسترانەوە بۆ دوو زیندانی دیکە. ئاتنا و گولڕۆخ بۆ زیندانی ڕەی شەهر براون کە پـێشتر کێڵگەی پەلەوەر بووە و ئێستا کراوەتە بەندیخانە بۆ سەدان ژن کە تۆمەتبارن بە تاوانی گەورە و لە بارودۆخێکی تەندروستی خراپدان.
بەپـێی ڕاپـۆرتەکان لەم زیندانە نەخۆشیـیە گواستراوەکان هەیە، وە حاڵەتی دەستدرێژیکردن چ لە لایەن زیندانیکراوان یان کارمەندانی زیندانەکەوە لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەمە جگە لەوەی تیایدا ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنرێت.
ماجدەلینا موغرابی جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئەمنستی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا دەڵێت دەستگیرکردنی ئەمانە لەسەر چالاکیـیەکانیان لە بواری مافی مرۆڤ هەڵەیە، وە زیندانیکردنیان بەو شێوە ترسناکە جێی نیگەرانی جیدیـیە لە بارەی سەلامەتیانەوە.
بەپـێی ڕاپـۆرتەکەی ئەمنستی ئاتنا و گولڕۆخ کە لە 24 ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە بۆ زیندانی ڕەی شەهر گواستراونەتەوە، دووچاری لێدان و سووکایەتیپـێکردن بوون لەلایەن پاسەوانە پـیاوەکانی زیندانەکەوە پاش ئەوەی لە بەرامبەر گواستنەوەیان ناڕەزایـیان دەربڕیبوو.
جێی ئاماژەیە گوڵڕۆخ ئیبراهیمی حوکمی 3 ساڵ زیندانی دراوە لەسەر نووسینی چیرۆکێک کە تەنانەت بڵاویش نەکراوەتە لە بارەی ڕەجمکردن بە تۆمەتی زینا.
ئاتنا دایمیش حوکمی 7 ساڵ زیندانی دراوە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی نووسراو و نووسین لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان لە دژی سزای مەرگ.
ئەمنستی لە کۆتایی ڕاپـۆرتەکەی داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد هەڵمەتەکانیان لە دژی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ڕابگرن وە ڕێگەیان پـێبدەن بەبێ ترساندن و تۆقاندن کارەکانیان بکەن.