Accessibility links

ڕاپـۆرتەکان: خۆپیشاندان و ناڕەزایی خوزستانی ئێرانی گرتووەتەوە


بەپـێی هەواڵەکان لە ئێرانەوە، خۆپـیشاندان و ناڕەزایی ناوچەکانی پارێزگای خوزستانی ڕۆژئاوای ئێرانی گرتووەتەوە، بەهۆی بڕینی ئاو و وشکبوونی ڕووبارەکان.

حەسەن ڕازی، بەڕێوەبەری سەنتەری ئەلئەحوازی بۆ ڕاگەیاندن و توێژینەوە ستراتیژیـیەکان بە کەناڵی ئەلحوڕڕەی وت خۆپـیشاندانەکان لە ڕۆژی پـێنجشەممەوە چەند شار و شارۆچکەیەکی گرتووەتەوە، لەوانە ئەحواز و خەفاجیە و حەمیدیە و محەمەڕە و فەلاحیە.

دەشڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران بە مەبەست سەرچاوەی ئەو ئاوانەیان وشککردووە، تاوەکو خەڵکی عەرەبی ناوچەکە ناچار بکەن کۆچبکەن و گۆڕانکاری دیموگرافی ڕووبدات.

ڕازی باسی لەوەش کرد، تاران چەند ساڵێکە بۆ ئەم مەبەستە سەرقاڵی دروستکردنی بەنداوە کە لەم دوایـیانە بوونەتە هۆی وشککردنی تەواوی ڕووبارەکانی ئەهواز، لەوانە ڕووباری کاروون و ڕووباری کەرخە. دەڵێت بەهۆی توێنێتیـیەوە ئاژەڵی گوندنشینەکان مرداربوونەتەوە.

فەیسەڵ مەرامازی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری ئەحواز بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڤیدیۆیەکی سەر تویتەرەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ئەمڕۆ هەینی خەڵکی ئەحواز جادەی سەرەکی ئەحواز تارانیان گرتووە.

توێژەر نوری حەمزە ئەویش ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە لە شاری خەفاجیە تەقە لە خۆپـیشاندەران کراوە.


هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حکومەتی ئێران هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG