سەرۆکی پـێشووی ئێران خۆی تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵی وڵاتەکەی هەرچەند عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێران ئامۆژگاری کردبوو خۆی کاندید نەکاتەوە.
مەحمود ئەحمەدینەژاد ئەمڕۆ چوارشەممە لە وەزارەتی ناوخۆ خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تومارکرد کە بڕیارە لە 19 ی مانگی پـێنج بەڕێوەبچێت.
ئەحمەدینەژاد هەر لەوێ بە پەیامنێرانی گوت هێشتا لەسەر بەڵێنەکەی خۆیەتی بۆ خامەنەیی کە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کاندید نەکاتەوە. گوتیشی ئامۆژگاریـیەکەی خامەنەیی بۆ ئەو مانای قەدەغە نیـیە.
گوتی" دووبارەی دەکەمەوە من لەسەر بەڵێنەکەی خۆمم و بوونم لێرە و خۆ تۆمارکردنم تەنها بۆ پشـتیوانیکردنە لە بەڕێز بەقایی."
حەمید بەقایی لە ساڵی 2009 وە هەتا ساڵی 2013 جێگری ئەحمەدینەژاد بوو.
هەفتەی ڕابردوو لە یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لە پاش چوار ساڵ، ئەحمەدینەژاد ڕایگەیاند نیازی نیـیە خۆی کاندید بکات، بەڵام گوتی پشـتیوانی لە حەمید بەقایی دەکات وەک باشترین کاندید. جێی ئاماژەیە لە کۆنگرەکە حەمید بەقایی لەگەڵدا بوو.
پـێشتر عەلی خەمانەیی داوای لە مەحمود ئەحمەدینەژاد کردبوو چیتر خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید نەکات، چونکە دووبەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا دروستدەکات.
لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیم لە زاری عەلی ئەزغەر ئەحمەدی سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران بڵاویکردەوە کە گوتویەتی لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەی دەسـتکراوە بە تۆمارکردنی ناوی ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ سەرۆکایەتی کاندیدبکەن، 287 کەی ناویان تۆمارکردووە، لەوانە 13 کەسیان ژنن، بەڵام بەپـێی دەستوری ئێران تەنیا پـیاوانی سیاسی (ڕجال سیاسی) دەتوانن خۆیان بۆ سەرۆکایەتی کاندید بکەن. هەورەها دەبێت کاندید شیعەی دوازدە ئیمامی بێت.