ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایدەگەیەنن کە دوو برا بە ناوەکانی پوریا و شوجاع مینەتی کە پەیڕەوی ئایینی یارسانن و خەڵکی سەحنەی سەر بە پارێزگای کرماشانن، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، لەمدواییانەدا پوریا و شوجاع مینەتی کە بەندکرابوون، دوای ناسینی ڕۆژانەیان بە بەندیخانەی کانی چەرمووی کرماشان، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەرکراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
پوریا و شوجاع مینەتی کە پێشتر بە هۆی بەشداریکردنیانەوە لە ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیان بەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، کەسایەتی ناسراوی کۆمەڵگەی یارسانەکان و هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کران و دوای ماوەیەک، سزا درابوون.
دوو براکە دواتر بە تۆمەتی " تێکدانی ئاسایشی گشتی" لە ڕێگای ئاژاوە و هەرا و " لێدان و بریندارکردنی بە مەبەست " لەلایەن لقی 2 ی دادگای تاوانەکانی کرماشان سزای یەک ساڵ زیندانیکردن و لێدانی 74 قامچییان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکەوە بڵاویکردەوە "پوریا و شوجاع مینەتی کە بە هۆی بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی یارسان، لە مانگی یانزەی ساڵی 2022 دا لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان دەستبەسەر و سزای ساڵێک بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو، لەم مانگانەی ڕابردوودا لە بەشی کراوەی زیندانی کانی چەرموو (چشمەسفید ) ی کرماشان ماوەی سزاکەیان تێدەپەڕاند. ئەوان دەبوو هەموو ڕۆژ خۆیان بە بەرپرسانی زیندان بناسێنن، بەڵام بەم دواییانە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە سەرلەنوێ دەستبەسەر کراونەتەوە و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.".
ئەم دوو هاووڵاتییە یارسانە لەم مانگانەی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بانگهێشتی بەردەم دادگا کرابوون و پاشماوەی سزای بەندکرانەکەیان گۆڕدرابوو بۆ بڕیاری کراوە لە زیندانی کانی چەرمووی کرماشاندا کە بریتییە لە کارکردن لە دەرەوەی زیندانی داخراودا و خۆناساندن و سەردانکردنی ڕۆژانە بۆ زیندان.
سەرچاوە/ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان