Accessibility links

دانیشتنی دادگا بۆ پێداچوونەوەی توندوتیژییەکانی حکومەتی ئێران بەرامبەر بە خوپیشاندەرانی مانگی 11ی ساڵی 2019 بەردەوامە


دادگای نێودەوڵەتیی گەلی ئابان کە لە 10ی مانگی یازدەوە بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی مانگی 11ی ساڵی 2019 دەستیپێکردووە، لە سێهەمین ڕۆژی خۆیدایە و تا چواردەی مانگیش بەردەوامە.

دادگاکە وەک دادگایەکی سیمبۆلی، لێکۆڵینەوە لە لێدوانەکانی 45 شایەتحاڵ دەکات لە دژی زیاتر لە 130 بەرپرسی کۆماری ئیسلامی کە لە ناویاندا، ڕێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێرانیش دەبینرێت.

دادگاییکردنەکە بە دەستپێشخەری سێ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ناوەکانی 'دادپەروەری بۆ ئێران'، 'مافی مرۆڤی ئێران' و 'پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان' لە وەڵامی داواکاری و بەدواداچوونی کەسوکاری قوربانییەکان پێکهێنراوە.

دادگای سەربەخۆی نێودەوڵەتی گەلی ئابان لە پارێزەران و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان لە بەریتانیا، ئەمریکا، ئەندەنوسیا، ئەفریقای باشوور و لیبیا پێکهاتووە کە لە مافەکانی مرۆڤ و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا پسپۆڕن.

پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی دادگاکە لە سەرەتای ساڵی 2022دا ڕابگەیەنرێت، بڕیارە لەگەڵ گەواهیدانی 45 شایەتحاڵەکەدا، دەستەی نێودەوڵەتی دادگاکە هەروەها پێداچوونەوە بە شایەتی 120 شایەتحاڵی دیکەش بە شێوەی نوسراوە بکەن.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن بەڕێوبەرانی ئەو دادگایەوە بڵاو بووەتەوە، دەڵێت کە دادگاکە پێداچوونەوە بۆ ئەوە دەکات کە بزانێت ئایا ئەو تاوانانەی کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی مانگی یازدەی ساڵی 2019 ئەنجامیان داوە، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بوون یان نا؟

خۆپیشاندانەکانی مانگی 11ی ساڵی 2019 کە سەرەتا کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی لەناکاوی بەنزین، دواتر بە خێرایی ئاراستەکەی گۆڕا و حکومەتی کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی لە دروشمەکانیدا کردە ئامانج، بەڵام خۆپیشاندانەکان بە تووندی سەرکوت کران و لە ماوەی پێنج ڕۆژدا سەدان ژن و پیاو و تەنانەت منداڵ کوژران.

وەزیری ناوخۆی ئێران ئەو کاتە ڕایگەیاندبوو کە لە خۆپیشاندانەکاندا لەنێوان 200 تا 225 کەس کوژراون، بەڵام ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە لانی کەمەوە ناوی 304 کەسی ڕاگەیاندووە کە کوژراون و دەڵێت لەوانەیە کوژراوەکان زۆرتریش بن و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو کات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز کوژرانی لانی کەم 1500 کەس لەئەو خۆپیشاندانانەدا ڕاگەیاندبوو.

XS
SM
MD
LG