Accessibility links

د. سەروەر عەبدولرەحمان: بە پشتیوانی چەند بەرپرسێک تاوانباران لەزیندان ئازادکراون


دوکتور سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت تا ئەم سەروەختە دۆسێکە لە لای ئاسایش نەماوە و پۆلیس گومانلێکراوەکانی بەرداوە و پارەکانیش دیارنین

گەندەڵی و پارە بەفیرۆدان و سپیکردنەوەی پارەو دیارنەمانی سەروەت و سامانی گشتی لەهەرێمی کوردستاندا تێکڕا کۆمەڵێک دۆسێیەی گرنگن کە شرۆڤەکاران و رەخنەگرانی ناوە و دەرەوەی هەرێمەکە بە بایەخەوە سەنگیان خستۆتەسەر. دەنگی ئەمریکا بە روماڵکردنی دوو راپۆرت لەلایەن ژیار محەمەدەوە بە بەدواداچوونی کرد بۆ دۆسێی دیارنەمانی زیاد لە 980 ملیۆن دۆلار لەشاری سلێمانی بە هۆی یەکێک لەکۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەناو بۆرسەی پارەوە؛ تا ئەم سەروەختە دۆسێکە لە لای ئاسایش نەماوە و پۆلیس گومانلێکراوەکانی بەرداوە و پارەکانیش دیارنین و بەپێی بەدواداچونەکانی دەنگی ئەمریکا چەند بەرپرسێک لەپشت ئەم تاوانەوەن.

ئاسۆ جەبار بۆ پتر وردبونەوە و بەدواداچوون بۆ سەرەداوەکانی ئەم دۆسێیە وتووێژێکی لەگەڵ پەرلەمانتاری پێشوو و بڕیاردەری پێشوی دەستەی نەزاهەی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی سێ دکتۆر سەروەر عەبدولرەحمان سازکردووە....

دکتۆر سەروەر دەڵێت "وەک ئەوەی ئێمە ئاگادار بین چەند جارێک ئەو کەسانە دەستگیرکراون، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی بەرپرسانەوە بەردراون و فشارکراوە و مادە یاسایەکانیان گۆڕاوەو جۆرەها دەستێوەردانی دیکە هەبووە".

دەشڵێت "کە یاسا نەبوو، پەرلەمان نەبێت، حکومەت تەنها بەناو هەبێت، یان ئەوانەی کە لەحکومەتدان بە جۆرێک خۆیان دەستیان تێکەڵ بێت لەگەڵ ئەمانەدا؛ دەتوانم بڵێم رۆژ بەرۆژ رەوشەکە خراپتر دەبێت".

دکتۆر سەروەر باس لەکۆمەڵێک دۆسێیەی دیکەش دەکات بەڵام سەبارەت بەم دۆسێیە دەشڵێت "ئەوەی دەیبینین ملیارێک دۆلار بەهەدەر دەبرێت؛ هی خەڵک کوردستانەو تەهریب کراوە و براوەتە دەرەوە. ئەو کەسەشی تاوانەکەشی ئەنجامداوە پاڵپشتێکی بەهێزی هەیە؛ ئەگەر ئەو پاڵپشتەی نەبێت بەو شێوەیە لەزیندان ناهێنرێتە دەرەوە، ئەمە نیشانەی لاوازی دەسەڵاتی دادوەرییە، لاوازی دادگاکانەو نەبوونی یاسایە".

هاوکات بێجگە لەم دۆسێییە دکتۆر سەروەر دەڵێت "خودی حکومەت گرێبەستێکی 50 ساڵەی لەگەڵ تورکیادا واژۆ کردووە؛ نازانین نەوتەکە بۆ کوێ دەچێت".

دەشڵێت "بەپێی ماڵپەرێکی فەرمی کۆمپانیایەکی بیانی؛ تا ئێستا نزیکەی 700.000 بەرمیل رۆژانە رۆیشتووە. ئەگەر بە 40 دۆلار بەرمیلی فرۆشرا بێت؛ واتە 28 ملیۆن دۆلار لەرۆژێکدا، لەکاتێکدا موچەی سەرجەم خەڵکی هەرێمی کوردستانی پێدەدرێت و پڕۆژەکانیش دەکەونەوە کار".

دەشڵێت "بەرپرسەکان و حیزبەکانی ئەم هەرێمە بازاڕیان داگیرکردووە".

بەڵام سەبارەت بە دۆسێی 980 ملیۆن دۆلارەکە دەڵێت "بە ئۆتۆمبیلی بەرپرسان و دەستێوەردانی گەورە لەسەر ئاستی زوربەرز ئەو تاوانبارانە لەزیندانەکان هێنراونەتە دەرەوە".

XS
SM
MD
LG