Accessibility links

بۆ داکۆکیکردن لە ژنان نەتەوە یەکگرتووەکان داوادەکات جیهان بە ڕەنگی پـرتەقاڵی بڕازێنرێتەوە


بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان و دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست ئەو توندوتیژیـیانەی بەرامبەریان دەکرێن، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە تەواوی جیهان کردووە شوێنە گشتیـیەکان بە ڕەنگی پرتەقاڵی بڕازێننەوە کە هێمایەکە بۆ ئایندەیەکی پـڕشنگداری بێ توندوتیژی.

هەروەها داوایکردووە بۆ ماوەی 16 ڕۆژ چالاکی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدرێت و خەڵکی کۆمەکی ئەو هەوڵانە بکەن کە ئەنجام دەدرێن بۆ ڕێگەگرتن لە توندوتیژی بەرامبەر ژنان.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەوەتای پەتای کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، توندوتیژی لە دژی ژنان زۆر زیایکردووە بە تایبەت لە ناو ماڵدا. دەشڵێت ئێستا پـێنج هێندەی جاران پەیوەندی بەو دەزگا و ڕێکخراوانە دەکرێت کە یارمەتی ژنان دەدەن لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدا.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات توندوتیژیـیەکان بریتین لە کوشتن، لێدان، سووکایەتی پـێکردن، دەستدرێژی سێکسی، بە کۆیلەکردن، خەتەنەکردن، بە زۆر بە شوودان بە تایبەتی کچانی منداڵ، گێچەڵپـێکردن لە جادە و شوێنە گشتیـیەکان و شوێنی کار، هەراسانکردن لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و تەلەفۆنەوە.

ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتیـیە کە لە سەرانسەری جیهانەوە ڕاپـۆرت و ئاماری پـێدەگات، دەڵێت لە هەموو 3 ژنێکی ئەم جیهانە یەکێکیان لە ژیانیدا ڕووبەڕووی لێدان یان دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە و زۆربەیان لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە.

تەنیا 52%ی ئەو ژنانەی هاوسەرگیریـیان کردووە یان پەیوەندیـیان هەیە دەتوانن بە ئازادانە گرنگی بە تەندروستیان بدەن و بڕیار بدەن دووگیان بن یان نا.

71% ی قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤ لە جیهاندا کچ و ژنن و لە هەموو چوار کەسێکیان سێ کەسیان بۆ بازرگانی سێکسی بەکاردەهێنرێن.

XS
SM
MD
LG