Accessibility links

بانکە نێودەوڵەتییەکان سزاکانی سەر ڕووسیا دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە


گروپی بانکەکانی بەڕیتانیا HSBC و سۆسایەتی جێنەڕاڵی فەڕەنسی و بانکەکانی کۆریای باشوور پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵێک بانکی ڕووسیادا کەم دەکەنەوە، ئەمەش لەکاتێکدا سزاکانی ڕۆژئاوا دژ بە ڕووسیا دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی شەممە ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئەوروپا و کەنەدا سزای نوێیان بەسەر ڕووسیادا سەپاند، لەوانەش ڕێگە گرتن لە هەندێک لە بانکەکانی ڕووسیا تاوەکو دەستیان نەگات بە سیستمی دارایی سویفتی نێودەوڵەتی. ئەمەش لەنێوەندی هێرشەکەی ڕووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا.

لە تێبینیەکی تایبەتی گروپی بانکەکانی بەڕیتانیا HSBC کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، ئاماژە بەوە دەدات چۆن سزا نوێیە جیهانییەکان بۆ سەر ڕووسیا جێبەجێ بکەن.

لە تێبینیەکەدا کە ڕێکەوتی 27 ی مانگی دووی لەسەرە، تیشک خراوەتەسەر ئەو ڕاستیەی کە ئۆفیسی بەڕیتانیا بۆ کاروباری سزا داراییەکان و جێبەجێکردنیان مۆڵەتی بە بانکەکان داوە تاوەکو " هەندێک لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بانکی ڤی تی بی ڕووسیادا کەم بکەنەوە." بانکی ڤی تی بی یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی ڕووسیا و بەهۆی سزاکانی بەڕیتانیاوە زیانی بەرکەوتووە.

HSBC یەکێکە لە گەورەترین بانکی دارایی لە جیهاندا و دووەم گەورەترین بانک و خاوەن قەرزە لە ئەوروپادا، هەروەها ڕۆڵێکی هەستیار و گرنگی هەیە لە سیستمی بانکیی جیهانیدا و دوورخستنەوەی بانکەکانی ڕووسیا لە HSBC زیان بە ڕووسیا دەگەیەنێت.

دوو بانکی گەورەی کۆریای باشووریش بە هەمان شێوە بازرگانییە داراییەکانیان لەگەڵ لانی کەم حەوت بانکی ڕووسیدا ڕاگرت.

بانکی سۆسایەتی جێنەڕاڵی فەڕەنسا وتی " سەرجەم ڕێوشوێنەکانی بۆ سەپاندنی سزا نوێیەکان گرتۆتەبەر."

بانکی دۆیچەی ئەڵمانیاش کە گەورەترین بانکی ئەڵمانیایە وتی ماڵپەڕێکی دروست کردووە بۆ یارمەتیدانی هاوبەشەکانی تاوەکو بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ سزاکانی سەر ڕووسیادا بکەن. لە ماڵپەڕەکەدا زانیاری بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە کاریگەریی سزاکان و گۆڕانکارییەکان لە حەواڵە نێودەوڵەتیەکاندا.

ڕاوێژکاری باڵای گروپی The Asia هان شین لین وتی بەشە نێودەوڵەتییەکانی بانکە چینیەکان چاودێری پەیوەندییەکانیان دەکەن لەگەڵ بانکەکانی ڕووسیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG