Accessibility links

کاندیدی سەرۆکایەتی دەزگای وزەی ئەتۆمی دەڵێت دەکرێت ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕزگار بکرێت


کاندیدی سلۆڤاکیا بۆ سەرۆکایەتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی وتی هێشتا دەکرێت ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان ڕزگار بکرێت، بەڵام پێویستە تاران جارێکی دیکە پابەند بێتەوە بە هەموو بەرپرسیارێتییەکانیەوە و لەبەرامبەردا لەجیاتی سزادان نیازپاکانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

کاندیدی سلۆڤاکیا بۆ سەرۆکایەتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی مارتا زیاکۆڤا وتی " ئەو لایەنانەی ماونەتەوە لەسەر ڕێکەوتنەکە، چین و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و ڕوسیا هێشتا پابەندن بە ڕێکەوتنەکەوە و دەتوانن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ یارمەتیدانی ئێران لەم بارودۆخە خراپەدا تاوەکو پیشانی بدەن ڕێکەوتنەکان دەبێت ڕێزیان لێبگیردرێت."

وتیشی " ئێران تا ئێستا شتێکی وەهای دەست نەکەوتووە تاوەکو لەلای خۆیەوە پابەند بێت بە ڕێکەوتنەکەوە بەڵام دەبێت جارێکی دیکە بە تەواوەتی پابەند بێتەوە بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە لە ڕێکەوتنەکەدا."

زیاکۆڤا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی " زۆر بەداخەوە بووم ئەمەریکا کشایەوە لە ڕێکەوتنەکە بەبێ هیچ وتوێژێک، بەڵام بەداخیشەوە بووم ئێران دەستی کرد بە پێشێلکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە. بۆیە ئێستا خۆمان لە بازنەیەکی خاڵیدا دەبینینەوە کە دەبێت چارەسەرێکی سیاسیی بیشکێنێت."

بەڕێوبەری پێشووی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودوڵەتی یوکیا ئامانۆ لە مانگی حەوتدا کۆچی دوایی کرد. ئەنجومەنی پارێزگارانی دەزگاکە کە لە 35 وڵات پێکهاتوون دەیانەوێت کەسێک بخەنە شوێنەکەی.

چوار کەس ڕکابەرایەتی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە، ئەوانیش دەستە ڕاستی ئامانۆ کۆرنێڵ ڤیرۆتای ڕۆمانی و نوێنەری ئەرجەنتین لە دەزگاکە ڕافائیل گروسی و سکرتێری گشتی جێبەجێکاری ڕێکخراوی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ناوەکییەکان لاسینا زیربۆ و مارتا زیاکۆڤی سلۆڤاکی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG