Accessibility links

بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەردانی تاران دەکات


بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی
بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی

ڕۆژی شەممە بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی دەگاتە تاران، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆتای هاتنی ئەو ماوەیەی ئێران دیاریکردووە بۆ کەمکردنەوەی کاری پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان ئەگەر هاتوو ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێران لانەبات.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان زلهێزانی جیهان و ئێران کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

ساڵێک دوای کشانەوەی ئەمەریکا، ئێران هەنگاو بە هەنگاو بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا پشتگوێ دەخست.

بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ڕێكەوتنە ناوەکییەکە، بەڵام بەمەرجێک سەرەتا ئێران دووبارە پابەندی سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانی ببێتەوە، بەڵام تاران جەخت لەوە دەکاتەوە سەرەتا دەبێت ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێران لاببات، هەروەها دەشڵێت ئەگەر ئەمەریکا ئەو هەنگاوە بنێت ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێران دووبارە پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی دەبێتەوە.

بەپێی یاسایەک کە ئەنجومەنی شورای ئێران لە مانگی دوانزەدا پەسەندی کردووە، ئەگەر ئەمەریکا تاوەکو 21 ی مانگی دوو سزاکانی سەر ئێران لانەبات ئەوا دەبێت تاران جێبەجێکردنی خۆبەخشانەی پڕۆتۆکۆڵەکانی دیکەی پەیوەست بە پەیماننامەی سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی ڕابگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتوبەند خستنەسەر هەندێک لە چالاکییەکانی پشکنەرە نێودەوڵەتیەکان لە ئێران.

گرۆسی وتی " سەردانی تاران دەکەم و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراندا کۆدەبمەوە تاوەکو بگەین بە چارەسەرێک کە لەلایەن هەردوولاوە پەسەند بکرێت و لەگەڵ یاسای ئێراندا بگونجێت، هەروەها بۆ ئەوەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بتوانن بەردەوام بن لە لێکۆڵینەوەکانیان لە ئێران."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG