Accessibility links

بومەلەرزەیەکی بەهێز لە ناوەڕاستی ئەندەنوسیا دەدات


بەپـێی دەزگای چاودێری جیۆلۆجی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی بومەلەرزەیەکی بەهێز لە ناوەڕاستی وڵاتی ئەندەنوسیای داوە.

دەزگاکە دەڵێت لە کاژمێر 6:02 ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی خۆجێی دورگەی سولاوسی بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پـلە بەپـێی پـێوەری ڕێختەر و لە قوڵایی نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە ناوچەیەکی داوە 78 کیلۆمەتر لە باکوری شاری پالوەوە دورە.

کاربەدەستانی ئەندەنوسیا دەسـتبەجێ لە پاش بومەلەرزەکە ئاگاهیان دا لە مەترسی ڕوودانی سونامی، بەڵام دواتر کۆتایـیان بە ئاگاهیـیەکە هێنا.

سووتۆپۆ نوگرۆهۆ گوتەبێژی ئاژانسی نیشتمانی ئەندەنوسیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان گوتی ڕاپـۆرتیان پـێگەیشتووە باس لەوە دەکەن بەهۆی بومەلەرزەکەوە چەندان بینا ڕووخاون. بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ ڕاپـۆرتێک نیـیە باس لە زیانی گیانی بکات.

دانیشتوویەکی ناوچەی توراجا کە زیاتر لە 300 کیلۆمەتر لە شوێنی بۆمەلەرزەکەوە دورە، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت هەستیان بە ڕوودانی بۆمەلەرزە کردبوو و لە ترساندا چوونەتە سەر شەقامەکان.

جێی ئاماژەیە ئەمە بەهێزترین بومەلەرزەیە لە ناوچەیەکی ئەو وڵاتە بدات لە پاش ئەو بومەلەرزەیەی لە مانگی هەشت لە باکوری دورگەی لۆمبۆکی دا و لە ئاکامدا زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 1500 کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG