کاربەدەستانی فریاگوزاری ئیندونزیا دەترسن کە زەوی لەرزە و سونامی ژمارەی زیانی گیانی زیاتر بکات لە دەمێکدا پشتڕاست کراوە کە تا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ کەس گیانیان لە دەستداوە، لە دەمێکدا هەتا رۆژی یەکشەمە لە بەر ئەوەی جادەکان زیانیان پێگەیشتوون و سیستەمی پەیوەندی گرتن تێکچوە نەتوانراو چەندین شاری گەورەی کەنار پەیوەندیان پێوە بگێرین.
ئاژانسی کارەساتی وڵات گوتی ژمارەی زیانی گیانی گەیوەتە ٨٣٢ کەس و نزیکەی هەمووی ئەو زیانە لە شاری بەندەری پالو لە دۆرگەی سولاوێسی بووە.
گوتەبێژی ئاژانسەکە سووتۆپۆ پۆروو نووگرۆهۆ گوتی،"باوەڕدەکرێت ژمارەی زیان وێکەوتوان زیاتر بێت لە بەر ئەوەی گەلێک تەرم هێشتا لە ژێر خانوەخرابەکان دان و هێشتا دەستیان بە ئەو شوێنانە ڕانەگەیشتوون." هەروەها گوتی کە کۆمەڵێک لە تەرمەکان لە بەر هۆی تەندروستی رۆژی یەکشەمە دەنێژن.
تەرمەکان لە سەر شەقامەکانی پالوو ڕیزکراون، لە دەمێکدا دەستەکانی فریاگوزاری لە سەگەکان کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو کەسانەی کە هێشتا زیندووماون ڕزگاریان بکەن.
موحەمەد سیاوگی، بەرپرسی تیمی دۆزینەوە و فریاگوزاری نیشتمان گوتی، "ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین. کات زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لێرە گیانی خەڵک ڕزگار بکەین. کەرەسە و دەزگاری قورسی یارمەتی دان بەڕێوەیە."
کەرەسە و یارمەتی پێویست لە ڕێگای فرۆکەی بازرگانی، هێلیکۆپتێر بۆ ناوچەکە نێردراون کە بۆ ناوچەکانی هەرە زیان وێکەوتوو بگەیەنن. کاربەدەستان دەڵێن ناوچەکە کەرەسە و دەزگای دەرمانی، سوتەمەنی ئاوی خاوێن و کارناسیان نیە.