Accessibility links

بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکەوە لە ئیندۆنیسیا 13 کەس گیانیان لەدەستدا


بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکەوە لە دورگەی جاڤای ئیندۆنیسیا لانی کەم 13 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکە برینداربوون، پاسەکە کرێکارانی کارگەیەکی گواستۆتەوە بۆ پشوویەک لەسەر کەنار دەریا.

ئەفسەرانی پۆلیس وتیان پاسەکە و 47 سەرنشینەکەی لە سوکۆهارجۆی ناوەڕاستی دورگەی جاڤاوە ڕۆیشتوون بەرەو کۆبوونەوەیەکی خێزانی لە هەرێمی یۆگیاکارتا کاتێک شۆفێرەکەی کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە.

بەڕێوبەری پۆلیسی ناوچەی بانتول ئیحسان، کە وەکو زۆرێک لە ئیندۆنیسیەکان تەنها یەک ناو بەکاردەهێنێت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پرسیارمان لە شایەتحاڵان کردووە و دەڵێن شۆفێرەکەیان بینیوە شڵەژاوە کاتێک هەوڵیداوە مامەڵە لەگەڵ گێڕەکەدا بکات، ئەوەش ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی برەیکی پاسەکە کاری نەکردووە یاخود کێشەی تێدابووە."

ڕووداوە کوشندەکانی هاتوچۆ لە ئیندۆنیسیا شتێکی باون و هۆکارەکانیشیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی زۆرجار ئوتومبێلەکان کۆنن و بەباشی نەپارێزراون و زۆرجاریش یاساکانی هاتوچۆ پشتگوێ دەخرێن.

ئیحسان وتی " 13 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەندێکیان لە شوێنی ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە، 34 کەسی دیکەش برینداربوون." ئاماژەشی بەوەدا بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ سێ نەخۆشخانەی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکەوە.

شۆفێرەکە یەکێک بووە لەوانەی گیانی لەدەستداوە.

بەپێی بەڕێوبەری پۆلیسی بانتول، هەندێک لە سەرنشینەکان سەرییان برینداربووە، سێ کۆرپەش برینداربوون.

لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا بە هەمان شێوە پاسێک لە سومیدانگی ڕۆژئاوای هەرێمی جاڤا کەوتە ناو دۆڵێکی قوڵەوە و 29 کەس گیانیان لەدەستدا. لە ساڵی 2019 شدا کاتێک پاسێک کەوتە ناو دۆڵێکەوە لە دورگەی سوماترا لانی کەم 35 کەس گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG