Accessibility links

پێنج سەربازیی هیندی لە بەشی کشمیری هیندستان دەکوژرێن


بەرپرسان دەڵێن یاخیبووە گومانلێکراوەکان کە دژی دەسەڵاتی هیندستان لە هەرێمی کشمیر جێناکۆکی لەسەر شەڕ دەکەن، بۆسەیەکییان لە باشووری هەرێمەکە بۆ ئوتومبێلێکی سوپای هیندستان داناوە و پێنج سەربازییان کوشتووە و پێنج کارمەندی دیکەیان بریندار کردووە.

هیچ گروپێکی یاخیبوو دەستبەجێ بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.

ئەفسەرێکی پۆلیس کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی هێرشەکە لە ناوچەی کاتوای بەشی کشمیری ژێر کۆنتڕۆڵی هیندستان ڕوویداوە، کاتێک سوپا لە ئەرکێکی ئێشکگری ڕۆتینیدا بووە.

وتیشی پۆلیس و هێزەکانی پشتیوانی سوپا بەپەلە چوونە شوێنەکە و تەوقی ناوچەکەیاندا و ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان دەستیپێکردووە.

هێرشەکە نوێترینە لە توندوتیژییەکان کە ڕۆژی یەکشەممە دەستییان پێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیس وتی دوو چەکدار دوو سەربازی هیندی و شەش چەکداریی گومانلێکراوییان لە ناوچەی کولگامی کشمیر کوشتووە. پێشتریش لەو ڕۆژەدا چەکدارەکان تەقەیان لە کامپێکی سەربازیی کردووە لە ناوچەی ڕاجوری و سەربازێکییان بریندار کردووە.

هەرێمی کشمیری هیمالایا لە ساڵی 1947 ەوە لە نێوان هیندستان و پاکستاندا دابەش بووە، بەشێکی هەرێمەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هیندستاندایە و بەشەکەی دیکەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی پاکستاندایە. دوو دراوسێکە کە هەردووکییان خاوەنی چەکی ئەتۆمین، سێ جەنگییان دژی یەکتر لەسەر کشمیر بەرپاکردووە.

هیندستان پاکستانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پڕچەککردن و دابینکردنی مەشق بەو یاخیبووانەی کە دژی هێزەکانی هیندستان شەڕ دەکەن لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی کشمیردا، پاکستانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

کۆمەڵێک گروپی یاخیبووی جیاواز لە ساڵی 1989 وە شەڕ بۆ جیابوونەوەی کشمیر لە هیندستان دەکەن یاخود هەوڵ دەدەن ئەو بەشەی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان بخەنە ژێر دەسەڵاتی پاکستانەوە، زۆربەی دانیشتوانە کشمیرییە موسوڵمانەکانیش لە کشمیری هیندستان پشتگیری لەوە دەکەن. دەیان هەزاران هاووڵاتی سڤیل و یاخیبوو و سەربازانی حکومەت لەو ململانێیەدا کوژراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG