Accessibility links

تەرمی 38 کرێکاری هیندی کە بە دەستی داعش کوژرابوون گەیشتەوە وڵاتەکەیان


تەرمی 38 کرێکاری هیندی ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتەوە وڵاتەکەیان، ئەمەش پاش ئەوەی لە ساڵی 2014 لە لایەن چەکدارانی داعشەوە لە شاری موسڵی باکوری عێراق ڕفێندرابوون.

تەرمەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەختەوە ڕەوانەکران بەرەو فڕۆکەخانەیەکی ویلایەتی پنجاب لە باکوری ڕۆژئاوای هیندستان.

ئەم کرێکارانە بۆ کۆمپانیایەکی بیناسازی لە موسڵ کاریان دەکرد و لە مانگی شەشی ساڵی 2014 ڕفێندران و لەم دوایـیانە تەرمەکانیان دۆزرانەوە.

سوشما سواراج وەزیر دەرەوەی هیندستان مانگی ڕابردوو بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاشکراکرد، قوربانیـیەکان تەرمەکانیان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە گوندی بادوشی باکوری ڕۆژئاوای موسڵ دۆزراونەتەوە. گوتیشی ڕفێندەران هیچ پەیوەندیـیان بە حکومەتی وڵاتەکەیەوە نەکردبوو و کەس لە بەرامبەر ئازادکردنیان داوای پارەی نەکردووە.

تاقیکردنەوەکانی DNA توانیویانە لە کۆی 39 کرێکار بێ سەروشوێن تەرمی 38 کرێکار پشـتڕاستبکەنەوە، بەڵام هێشتا نازانرێت کەی ئەم کرێکارانە کوژراون.

XS
SM
MD
LG