Accessibility links

پـۆلیسی هیندستان دەڵێت ماویـیەکان 16 ئەندامی هێزی تایبەتیان بە تەقینەوەیەک کوشتووە


پـۆلیسی هیندستان دەڵێت ئەمڕۆ چوارشەممە 16 ئەندامی هێزی تایبەتی وڵاتەکەی بەهۆی تەقینەوەیەک لە ڕۆژئاوای هیندستان کوژراون.

کاربەدەستێک لە ئۆفیسی پـۆلیسی هەرێمی ماهاراشترا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ماویـیەکان هێرشیان کردبووە سەر تیمێکی هێزی تایبەت کە بە ئۆتۆمبیلێک چووبوون بۆ سەر شوێنی تەقینەوەیەکی پـێشتر. گوتیشی هەتا ئێستا ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 16 کەس.

کاربەدەستەکە کە نەیویستبوو ناوی ئاشکرابکرێت، باسی لەوەش کرد هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە ڕەوانەکراون تاوەکو بەشداری بکەن لە هەڵگرتنەوەی قوربانیـیەکان و شەڕی هێرشبەرەکان.

هەروەها کاربەدەستێک لە پـۆلیسی ناوچەی گادشیرولی گوتی لە کاتژمێر 12:30 ی ئەمڕۆ ماویـیەکان 30 ئۆتۆمبیلیان لە هەمان شوێن سووتاندووە.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتەکەدا ئەنجام دەدرێت کە لە 11 ی مانگی چوارەوە دەستیپـێکردووە و لە 19 ی مانگی پـێنج کۆتایی پـێدێت.

ماویـیەکان کە بۆ دەیان ساڵە هێرشی چەکداری ئەنجام دەدەن و لە ئاکامی شەڕ و پـێکدادنەکانیان دەیان هەزار کەس کوژراون، لە میانەی هەڵبژاردنەکاندا پەرە بە هێرشەکانیان دەدەن و داوا لە خەڵکی دەکەن بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.

XS
SM
MD
LG