Accessibility links

پەرلەمانتارانی هیندستان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێـکی نوێی بۆ وڵاتەکەیان دەدەن

  • VOA News

ڕام ناث کۆڤیند، کاندید بۆ سەرۆکایەتی هیندستان

پەرلەمانتارانی هیندستان ئەمڕۆ دووشەممە دەنگی خۆیان دا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێـکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان. پـێشبینی دەکرێت کاندیدێـک هەڵببژێردرێت کە پارتی بهاراتیا جاناتای دەسەڵاتدار پشـتیوانی دەکات.

ڕام ناث کۆڤیند تەمەن 72 ساڵ پارێزەری پـێشـوو و فەرمانڕەوای پێشووی هەرێمی بیهار لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، پـێدەچێت ببێت بە سەرۆکی داهاتووی هیندستان. ناوبراو کە وەک ڕابەرێـکی هزری هیندۆسی دادەنرێت، ژیانی سیاسی لە نێو کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ خۆبەخشان(ڕاشتریا سوایامسیڤاک سانغ) دەسـتیپـێکرد و ئێستا ئەندامی پارتی بهاراتیا جاناتایە.

هەرچەندە پـۆستی سەرۆکی وڵات لە هیندستان پـۆستێـکی زیاتر سمبولیـیە، بەڵام لە کاتی کێشە و گرفتەکانی حکومڕانی ڕۆڵی خۆی هەیە وەک پارێزەری دەسـتور، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنە گشتیـیەکاندا کاتێک براوەیەکی ڕوون نەبێت، بۆیە ئەو بڕیار دەدات کام پارتە بە ئەرکی پـێکهێنانی حکومەت هەستێت.

کاربەدەسـتان دەڵێن 99% ی ئەو 4896 یاسادانەرەی وڵاتەکە دەنگی خۆیان داوە. پەرلەمانتارانی هەردوو خانەی پەرلەمانی هیندستان و پەرلەمانی هەرێمەکان ئەمڕۆ دووشەممە دەنگی خۆیان دا و ڕۆژی پـێنجشەممە دەنگەکان جودادەکرێنەوە. بهاراتیا جاناتا کە پارتێکی نەتەویی هیندۆسیـیە لە هەموو پەرلەمانەکانی وڵاتەکە زۆرینەیە.

ناریندرا مودی سەرۆک وەزیری هیندستان یەکێـک بوو لەوانەی لەگەڵ دەسـتپـێکردنی پـرۆسەی دەنگدانەکە دەنگی خۆی دا و پشـتیوانی خۆی بۆ ڕام ناث کۆڤیند ڕاگەیاند و گوتی ئەگەربێت و هەڵبژێردرا، ئەوا حکومەتەکەی هاوکاری تەواوی لەگەڵدا دەکات.

XS
SM
MD
LG