Accessibility links

هیندستان پاکستان بەرپـرسیاردەکات لە هێرشە خۆکوژیـیەکەی کەشمیر


سەرۆک وەزیری هیندستان دەڵێت وەڵامدانەوەیەکی زۆر توندیان دەبێت بۆ ئەو هێرشە خۆکوژیـیەی دوێنێ کرایە سەر هێزێکی نیمچە لەشکری وڵاتەکەی لە هەرێمی کەشمیر و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 41 سەرباز.

ناریندرا مودی ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکیدا لە نیودەلهی پایتەخت گوتی ئەوانەی ئەو تاوانەیان کردووە و ئەوانەشی داڵدەیان داون، هەڵەیەکی زۆر گەورەیان کردووە و دەبێت لە بەرامبەری باجێکی زۆر گەورە بدەن.

پاشان وڵاتی پاکستانی تۆمەتبارکرد بە هێرشەکە و گوتی ئەگەر پاکستان پێی‌وایە ئەم جۆرە هێرش و پـیلانگێڕیانە سەرکەوتوو دەبن لە نانەوەی ناسەقامگیری لە هیندستان، ئەوا بە هەڵەدا چووە و دەبێت لەو خەونە بوەستێت.

کاربەدەستانی ئاسایشی هیندستان دەڵێن ئەو هێرشە خۆکوژیـیەی دوێنێ پـێنجشەممە بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو کرایە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبیلی هێزی نیمچە لەشکری لە هەرێمی کەشمیر، جگە لەوەی 41 سەرباز کوژراون، نزیکەی 24 سەربازی دیکە برینداربوون. دەشڵێن یەکێک بووە لە خوێناویترین هێرشەکان لە مێژووی ئەو هەرێمەدا.

پاکستان ڕەتیکردەوە هیچ دەستێکی لەو هێرشەدا هەبووبێت.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی" بە توندی ڕەتیدەکەینەوە هیچ بەرپـرسێکی حکومەتی هیندستان یان دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە هەوڵبدەن بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە ئەنجام درابێت دەوڵەتی پاکستان بە هێرشەکەوە گرێبدەن."

کۆمەڵی "جەیش محەمەد" ی توندڕەو بنکە لە پاکستان بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG