Accessibility links

پۆلیس لە کشمیر بڵاوە بە ڕێوڕەسمێکی موسوڵمانان دەکات و کۆمەڵێک دەستبەسەر دەکات


پۆلیسی هیندستان لەمیانەی بڵاوەپێکردنی گردبوونەوەیەکی موسوڵمانە شیعەکاندا لەو بەشەی کشمیر کە لەژێر دەسەڵاتی هیندستاندایە دەیان کەسی دەستبەسەر کرد، ڕێوڕەسمەکەش بەهۆی مانگی موحەڕەمی موسوڵمانەکانەوە بوو.

کۆمەڵێک لە موسوڵمانەکان لە کۆمەڵێک ناوچەی شاری سەرەکی سریناگار ڕووبەڕووی کۆتوبەندەکانی ئاسایش وەستانەوە و ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی ئاینییان دەوتەوە. کۆتوبەندەکانی ئاسایش ڕێوڕەسمی موسوڵمانە شیعەکان قەدەغە دەکات.

لە ساڵی 2020 دا دەیان کەس برینداربوون و هێزەکانی هیندستان گازی فرمێسک ڕژێنیان بۆ بڵاوەپێکردنی گردبوونەوەکان بەکارهێنا.

لە ساڵی 1989 ەوە کاتێک یاخیبوونێکی چەکداری سەریهەڵدا و تیایدا داوای سەربەخۆیی هەرێمەکە کرا لە هیندستان و پاکستان، دەیان هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و یاخیبووەکان و هێزەکانی حکومەت کوژران. لەو کاتەوە هەندێک لە ڕێوشوێنەکانی موحەڕەم لەو بەشەی کشمیردا کە لەژێر دەسەڵاتی هیندستاندایە قەدەغە کراون.

موسوڵمانەکانی کشمیر لە مێژە گلەیی ئەوە دەکەن حکومەتی هیندستان کۆتوبەند دەخاتە سەر مافە ئاینییەکانیان، ئەوەش بە پاساوی پاراستنی یاسا و لە هەمان کاتیشدا پەرە بە حەجی ساڵانەی هیندوسەکان دەدات بۆ مەزارگەی هیمالایا ئامارنات لە کشمیر، کە ساڵانە سەدان هەزاران میوان بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت.

حەجی هیندوسەکان سەدان هەزاران میوانی لە سەرانسەری هیندستانەوە بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و دەیان هەزاران سەربازیش پاسەوانی ئەو ڕێگەیانە دەکەن کە دەچنەوە سەر ئەشکەوتی مەزارگەکە.

XS
SM
MD
LG