سوپای هیندستان دەڵێت هەفتەی ڕابردوو پێکدادانێک لە نێوان سەربازانی هیندستان و سەربازانی چیندا لەسەر سنووری کێشە لەسەری نێوان دوو وڵاتەکە لە ویلایەتی ئاروناچال پرادێشی هیندستان ڕوویداوە.
هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بریندار لە هەردوولا هەبووە.
سوپای هیندستان لە بەیاننامەیەکدا وتی هێزەکانی هەردوولا " دەستبەجێ گرژییەکانیان ڕاگرتووە " دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی لە کەرتی تاوانگی ویلایەتی ئاروناچال پرادیش پێکدادانێک لە نێوانیان ڕوویداوە.
تاوەکو ئێستا چین لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.
لە مانگی شەشی ساڵی 2020 دا پێکدادانێک لە چیاکانی کاراکورام لە گالوان ڤالی لە هەرێمی لاداخ گرژیی لە نێوان چین و هیندستاندا دروست کرد، ئەوەش دوای ئەوەی سەربازەکانی هەردوولا بە بەرد و مشت و دار شەڕییان کرد. لانیکەم 20 سەربازی هیندستان و چوار سەربازی چینی کوژران، لەو کاتەوە هەردوو وڵاتەکە دەیان هەزاران سەربازییان جێگیرکردووە و تۆپهاوێژ و تانک و فڕۆکە جەنگییەکانی هەردوولا بە درێژایی هێڵی کۆنتڕۆڵدا پشتیوانی لە سەربازەکان دەکەن.
هێڵی کۆنتڕۆڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چین و هیندستان لە لاداخی ڕۆژئاواوە بۆ ویلایەتی ئاروناچال پرادیشی ڕۆژهەڵات لە یەکتر جیادەکاتەوە. چین بانگەشەی سەروەری دەکات بەسەر ئەو ویلایەتەدا.
جێی ئاماژەیە لە ساڵی 1962 دا جەنگێک لە نێوان چین و هیندستاندا لەسەر ئەو سنوورە هەڵگیرسا.
دوای چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان فەرماندە سەربازییەکانی هەردوولادا، هەندێک لە سەربازانی چین و هیندستان لە پێکدادانەکەی ساڵی 2020 ەوە لە خاڵێکی سەرەکی لە لاداخ کشاونەتەوە، بەڵام گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە وەکو خۆیان ماونەتەوە.
سەرچاوە/ AP