Accessibility links

هیندستان سەرکۆنەی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات لە ئۆکرانیا


بوچا، ئۆکرانیا

هیندستان سەرکۆنەی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی کرد لە ئۆکرانیا، ئەمەش بۆ یەکەمین جارە هیندستان بە ئاشکرا ڕەخنە لەو کارانە بگرێت کە ڕووسیا بەرپرس کراوە لێیان، بەڵام وتیشی مۆسکۆ هاوبەشێکی هەستیاری ئابووری هیندستانە.

تاوەکو ئێستا هیندستان خۆی بەدوورگرتووە لە سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیای هاوپەیمانی. ئەمەش سەرەڕای فشارەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.

وەزیری دەرەوەی هیندستان سوبراهمانیان جایشانکار لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا وتی " بەتوندی سەرکۆنەی کوشتارییەکان دەکەین لە بوچا. ئەمە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە و پشتیوانی لە داواکان دەکەین بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ."

بەرپرسان و دانیشتوانی ئۆکرانیا دەڵێن زیاتر لە 300 هاوڵاتی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لە شارۆچکەی بوچا کوژراون. مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە دەستی لە کوشتنی ئەو هاوڵاتیانەدا هەبووبێت و بەرپرسیارێتیەکەی خستە سەر شانی " توندڕەوەکانی " ئۆکرانیا.

جایشانکار وتی " بەتوندی دژی جەنگین و باوەڕمان وایە چارەسەر لە ڕشتنی خوێن و لەسەر حسابی هاوڵاتیانی بێتاواندا نیە." هەروەها جەختیشی لە هەڵوێستی هیندستان کردەوە بۆ گفتوگۆ و دیبلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان. وتیشی " ئەگەر هیندستان لایەکیان هەڵبژێرێت، ئەوا ئاشتی هەڵدەبژێرێت و پشتیوانی لە کۆتایی هاتنی دەستبەجێی توندوتیژییەکان دەکات."

بەیاننامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دوای ئەوە هات هیندستان لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەرکۆنەی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی کرد لە بوچا، وتیشی هەواڵی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە بوچا " زۆر بێزارکەرن ".

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG